KMMK:
شەممە ١٣ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، عەبدوڵا ئەدوایی خەڵکی “سلین” سەر بە شاری سەوڵاوا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، سازمانی ئیتلاعاتی سپای حکوومەتی ئێران چەندد جار لە ڕێی تلەفوونەوە بانگهێشتی ئەم هاوڵاتییەی کردبوو، بەڵام ئەم هاوڵاتییە خوازیاری نواندی حوکمی قەزایی ببوو.
ڕۆژی شەممە ڕایەدارانی ئەمنییەتی بە چوونیان بۆ گوندی سلین ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایان گواستووە.
ئەم هاوڵاتییە کوردە پێشووتریش لە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧١٧ی کوردی، دەستبەسەر دەکرێ بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە شاری مەریوان دەگوازرێتەوە. ناوبراو لە ٨ی ڕەشەمەی ئەو ساڵە بە دانانی بارمتە ئازاد دەکرێ و گەلاوێژی ساڵی ڕابردوویش لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە مەریوان بە تۆمەتی هاریکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک) ساڵێک زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێنرابوو.
ئەم حوکمە پاش ناڕەزایتی نیشان دان بۆ دادگای پێداچوونەوە ڕەوانە کراوە.
دەستبەسەری سەر لە نوێی عەبدوڵا ئەدوایی لە کاتێکدایه کە ناوبراو لە گەڵ چەندد کەسی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی حەمید ئەحمەدی، ئارام ئەدوایی، بورهان ئەدوائیان و محەممەد ئەدوایی چاوەڕێی ڕای حوکمەکەیانن لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوە.
شیاوی باسە عەبدوڵا ئەدوایی خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان