ڕووتانەوەی خەڵک لە ژێر ناوی وامی یەک ملوێن تمەنی

KMMK:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: حکومەت کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەکە گەڵاڵەی پێدانی وامێکی یەک ملوێن تمەنی بە خەڵک کردۆتە ڕۆژەڤ. بە بانگەشەی ئەو وامە باسی ئەوە دەکات کە دەیهەوێت یارمەتی خەڵک بدات بۆ دابین کردنی خۆراکی رۆژانە و هاوکاری خەڵک بێت بۆ دەرباز بوون لەو وەزعەی کە بە هۆی کرۆنا ساز بووە.
ئەوەی لەم پڕۆژەیەی حکوومەتی ئێران دەبینرێ تەنیا هەڵفریوانی ڕای گشتی و جیهانی و کڕینی کات و سەرقاڵ کردنی مێدیا و ڕاگەیاندنەکانە. بە تایبەت کە ئەو وامە بە هەزار منەت و کەفالەت و گەرەنتی بە خەڵک دەدرێت و سوودی ۱۲ لە سەت واتە بۆ یەک ملوێن تمەن ۱۲۰ هەزار تمەن بەهرە(قازانج) وەردەگرێتەوە، واتە ئامانجی حکوومەتی ئێران زیاتر سەرکوت کردنی دەنگی خەڵک و ڕووتانەوەی قووتی ژیانیانە.
لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سیستەمی ئۆنلاینی ناونووسین بۆ ئەم وامە بە ئەنقەست بەشێکی بەناوی پەژیوان بوونەوە لە یارانە داناوە و خەڵک بەهەڵە لەسەر ئەو بەشە کرتەیان کردووەو زۆربەیان پەژیوانی خۆیان لە گرتنی یارانە دەربڕیوەو بەم شێوەیە پارەکە دەچێتە حسێبی حکوومەتەوە.

شیاوی باسە ئەم پڕۆژەیەی حکوومەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بێکار و هەژارترین هەرێمی ژێر دەسەڵاتی ئێرانە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون وەکوو هەلی کار و هەبوونی کارگە و کومپانیا و هتدی نییە، هاوکات گەنجانی کورد کە بە بۆنەی ئەو قەیرانە دەمدرژەی زیاتر لە چل ساڵە بەسەریاندا سەپاوە پەنایان بردۆتە بەر کۆڵبەری و لەم دۆخەیشدا کە کوڕۆنا هەموو لایەکی داخستووە دەبێ ڕەوشتی ئەو بنەماڵە و گەنجە هەژارانەی کە لە هەر لایەکەوە هێزی بزوتنیان قۆرغ کراوە چی بێت و چۆن بتوانن خوانی منداڵەکانیان بە پارەیەکی کەمی یەک ملوێنی کە هەموو کەلووپەلێک لەوپەڕی گرانیدایە بڕازیننەوە و دواتریش بەکام پارە و داهات بەهرەی ۱۲۰ هەزار تمەنی دەوڵەت بدەنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان