ڕاپۆڕتێک سەبارەت بەخۆکوژی و کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

KMMK:

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێژەیەکی زۆری خۆکوژی، کوشتنی ژنان و توندوتیژی جۆراوجۆر و بەربڵاو دژ بە ژنان و کچانی تەمەن خوار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئارادایە.

ئەم توندوتیژیانە جگە لە شێوازی جەستەیی و دەروونی کە هەیەتی، ئاسەوارێکی وێرانکەری لە درێژماوەدا لە سەر گشتی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان دەبێت.

یاساکانی دژە ژنی ئاینیی، کەلتووری پیاوسالاری، هەژاری کەلتووری، نەبوونی ئەمنییەتی ئابووری، هەڵاواردن و نایەکسانی لە حەقدەستەکان و هتد، ئەو بابەتانەن کە هۆکاری هەڵکشانی خۆکوژی ژنانی لێکەوتۆتەوە.

توندوتیژی دژ بە ژنان لە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئاستێک کەوتۆتە گرنگی پێنەدانەوە کە تەنانەت ئامارێکی ڕێک و پێک لە بواری خۆکوژی و کوشتنی ژنان بوونی نییە. شێوازی هەڵکشێنراوی نهێنی مانەوەی توندوتیژی لەلایەکەوە و هێنانەئارای یاسای هەڵاواردن دژ بە ژنان لەلایەکی ترەوە، توندوتیژی لە کۆمەڵگا گەشە پێداوە و توندوتیژی دژ بە ژنانی چەندد ئەوەندە کردووە.

پتر لە چل ساڵە کە لە ژێر تەوژمی حکومەتی ئیسلامی ئێران ژنان و کچان دەکوژرێن یان لە ژێر گوشاری گراندا، ژنان ناچار دەبن بە خۆکوژی. ئەم تاوانە بە نامرۆڤانەترین بیانووی وەکوو بەرگری لە نامووس و شەرەف روو دەدات.

بێگومان یاسای مەدەنی و سزای ئیسلامی ئێران، لە پرسگەل و بواری جۆراوجۆردا هەڵاواردنی بەربڵاو بەرانبەر بە ژنان سەپاندووە. نەبوونی بەدواداچوونی یاسایی لە پێوەندی لە گەڵ کوشتنی ژنان، ئەم کردەوە بە تووندی لە کۆمەڵگا پەرە دەدرێت، بە چەشنێک کە یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگا جێ دەخات و پەرە و ڕوایەتی پێ دەدەن.
بەم شێوەیە کە پەسەند کردنی یاسای دژە ژنانی بە واتای جێبەجێ کردنی حوکمی شەرعی و یاسایی دەچەسپێنێ وجێبەجێ کردنی ئەم یاسایانە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگای ئیسلامی بە پێویست دەزانن.
کردەوەی کوشتنی ژنان و هەوڵدان بۆ خۆکوژی لە لایەن ژنانەوە، ئەوڕۆکە وەکوو گرفتێکی کۆمەڵایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە.

کەم بوونەوەی ئاماری خۆکوژی و باشتر بوونی دۆخی ژنان گرێدراوی ئەو هەوڵە گشتگیرانەیە کە لە بواری مافی ژنانەوە بوونیان هەیە کە کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێی بێبەرییە.

هەژاری، ناهاوسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کەلتووری توندوتیژانەی پیاوسالاری و گرفتەکانی بنەماڵە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرهەم هاتنی توندوتیژی و هەروەها توندوتیژی دژ بە خۆ( خۆکوژی)یە.

شیاوی باسە کە بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕێژەی ۳۹ژن لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۷۱۹ی کوردی دەستیان داوەتە خۆکوژی.
ڕێژەی ۹ کەس لەم ژنانە تەمەنیان خوار ۱۸ساڵە و ڕێژە ۴ کەس ۱۸ساڵ تەمەنیان بووە.
ڕێژەی ۱۹کەس لەم ژنانە خێزاندار، ۱۸کەسیشیان سەڵت بوون.

شێوازەکانی خۆکوژی:
خۆهەڵواسین ۲۰ کەس
خۆسوتاندن۵ کەس
خواردنی حەب ۵ کەس
۷کەس لە ڕێی چەکەوە خۆیان کوشتووە
۲ کەس خۆیان لە بەرزاییەوە هەڵداوە
ڕێژەی ۷ژنیش کوژراون کە ۵ کەسیان لە لایەن کەسانی نێزیک بنەماڵە(مێرد، باوک، برا)وە کوژراون.

نەبوونی ئەمنیەتی ئابووری و هاوسانی ماف و بێ هیوایی بۆ داهاتوو، نەبوون توانیی لە سازکردنی گۆرانکاری لەدۆخی ژیان و هەبوونی یاساگەلی دژە ژن لە بوارەکانی خۆکوژی لە ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن تۆڕی بێهداشت و دەرمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لەشاری سەردەشت ئاماری خۆکوژی لە نێوان ژنان پلەی یەکەمی بە نیسبەتی(ڕەپاڵی) ڕێژەی حەشیمەتەوە هەیە.
هەروەها بە بەڵگاندنی “مریەم عەباسی نەژاد” بەرپرسی ئەنجوومەنی هاریکاری کۆمەڵایەتی ئێران، ئاماری ڕاستەقینەی خۆکوژی لە ئێران سێ ئەوەندەی ئاماری فەرمی ڕاگەیانەدراوە و زۆرترین ئاماری تایبەت بە خۆکوژی لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان تۆمار کراوە. لە درێژەی ئەم لێدوانە ڕێژەی خۆکوژییەکان لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۳۸٪ گەشەی کردووە.

سازدانی گۆڕانکاری بنەڕەتی و دامەزراندنی پێکهاتەی نوێی ئابووری کۆمەڵگا وجێگیرکردنی یاسای پەیوەست بە هاوسانی مرۆیی دەتوانێ دۆخی ژنان بەرەو باشی ببات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان