هەڵسوکەوتی زبر و بێ ڕێزی بە باوکی زیندانی سیاسی سیامەک ئەشرەفی

KMMK:

دوشەممە ۱۹ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، باوکی زیندانی سیاس سیامەک ئەشرەفی بەناوی مەحیەدین بۆ چاوپێکەوتنی کوڕەکەی چوبوو بۆ زیندانی حکومەتی ئێران لە ورمێ و لەگەڵ هەڵسوکەوتی زبر و بێ ڕێزی بەرپرسانی زیندان ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

سیامەک ئەشرەفی زیندانی سیاسی خەڵکی شاری ورمێ و دانیشتووی گوندی وەلەندەی سەروویە، باوکی ناوبراو ڕۆژی دوشەممە بۆ چاوپێکەوتنی کوڕەکەی سەردانی زیندانی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی ئەمنییەتی و پارێزەرانی زیندانی حکومەتی ئێران بە هەڵسووکەوتی زبر و سوکایەتی پێکردن لەگەڵ ناوبراو جوڵاونەتەوە و مۆڵەتی چاوپێکەوتنی کوڕەکەی پێنادەن.

شیاوی باسه کە مەحیەدین باوکی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کوڕەکەی سەردانی دادگای ئینقلابی حکومەتی ئێرانی لە ورمێ کردبوو کە ڕووبەڕووی دەستێوەردانی سپا و ئیتلاعات دەبێتەوە و مۆڵەتێ پشووی پێنادرێ.
سیامەک ئەشرەفی بە بۆنەی دۆخی ناجێگیری زیندان و بێبەری کردنی لە پشوو لە گەڵ چەند زیندانییەکی دیکەی سیاسی مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەم زیندانیە سیاسییە بە ۵ساڵ و ۸ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.
ناوبراو ماوەیەک لەوە پێش داواکاری خۆی وەکوو ئازادی مەرجدار پێشکەشی شۆرای ڕیزبەندی کردبوو. ئەم داواکارییە پاش وڵامی ئەرێنی وەرگرتنی ئەو شۆرایە نێردرابوو بۆ لقی ۹ی جێبەجێکاری دادگای سزاکانی ورمێ، بەڵام بە دەستێوەردانی ئیتلاعاتی سپا ڕێگری کرا لە جێبەجێ کردنی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: