KMMK:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی باشووری کوردستان دەکات کە سەفەری خۆیی بۆ تورکیا هەڵبوەشێنێتەوە. ئێمە لەسەر ئەو بروایەین کە حکومەتی تورکیا دەیهەوێ بە چوونی ئێوە بۆ تورکیا رای گشتی فریو بدات و هەوڵ دەدات بە سەردانی ئێوە، ئەو تاوانانەی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان دەدات، بشارێتەوە و بەلارێ دا ببات.
بەرێز سەرۆک وەزیران، هەر وەک ئاگادارن حکومەتی تورک هەوڵی پاکتاوی گەلی کورد دەدات لە رۆژئاوای کوردستان و بە سەدان جەنایەتی دژی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام داوە، ئێستاکە کۆمەڵگەی جیهانی گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر ئەو حکومەتە فاشیستیە و گوشاری وڵاتان گەیشتۆتە ئاستێک کە حکومەتی تورکیا بە تەنیا ماوەتەوە و تەنیا لایەن گەلێک وەک حەماس، داعش، ئەلقاعیدە و هتد پشتیوانی دەکەن.
بۆیە سەردانی ئێوە لە کات و ساتی ئێستادا جیا لە زەرەر بۆ گەلی کورد هیچ بەرهەمێکی نیە و بگرە حکومەتی تورکیا دەتوانێ، بە چوونی ئێوە، پرۆپاگاندا بکات و رای گشتی چەواشە بکات، وا نیشان بدات کە ئەو شەری کورد ناکات و لە ئەساس دا کوردەکان پشتیوانی ئەو تاوانانەن کە حکومەتی تورک ئەنجامی دەدات.
بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی باشووری کوردستان ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داواتان لێ دەکەین سەفەری خۆتان بۆ تورکیا هەڵبوەشێننەوە و هەوڵ بدەن بە کەڵک گرتن لەو دەرفەتە دیپلۆماسی و سیاسیانەی هەتانە بەشدار بن لە ڕاگرتنی هەڕەشەی کۆمەلكووژی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان


