KMMK:
محەمەد دانش، ئەو چالاکوانەی کە دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر کوشتنی ژنان، دەسبەسەر کرابوو لە لایان هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەشکنجە کراوە.
بە پێی ئەو بەیانییەی کە دۆینێ (۲ی جۆزەردان) لە لایەن ڕێکخراوە و چاڵاکوانانی مەدنی شاری مەریوان بڵاوکرایەوە، باسیان لە لێدان و ئەشکەنجەی ئەو چالاکوانە مەدەنییە کردبوو و ئەو هەڵسووکەوتەیان بە پێچەوانەی یاسا زانیبوو.
جێگای ئاماژەیەکە، ڕۆژی شەممە ۲٨ گۆڵان، سوومەییە رووزبە، دیمەن فەتحی و محەمەد دانش لە لایەن دادگای گشتی وئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە مەریوان بانگهێشتی دادسەرا کران. ئەو چالاکوانانە بە تۆمەتی تێکدانی دیسیپلینی گشتی، دۆسیەیان بۆکراوەتەوە و بە دانانی بارمتەی ۲۵ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
پێنجشەممەی حەوتووی پێش، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەربڕین بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەگەڵ کوشتنی ژنان لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو. دوای کۆتایی ئەو کۆبوونەوە، حەوت چالاکی مەدەنی ئەم شارە لە لایان ڕێکخڕاوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر کرابوون.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان
