kmmk:
یەکشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی هەتاوی، حسێن ئەحمەدی نیاز ، پارێزەری ناسراوی کورد پاش سەردانی بۆ دادگای شۆڕشی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە ســنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ بەدواداچوونی دۆسیەی پارێزراوەکەی ڕامین حسێن پەناهی زیندانی مەحکووم بەئێعدام، دەسبەسەرکرا.
حسێن ئەحمەدی نیاز جگە لە پارێزەری ڕامین حسێن پەناهی، هاوکات پارێزەری عوسمان مستەفا پوور ، کۆنترین زیندانی سیاسی کورد و هەدایەت عەبدوڵا پوور، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی لە ئەستۆ گرتووە.
ناوبراو هەروەها پارێزەری کچانی خەسار پێگەیوی شین ئاوێی پیرانشاریشە. ناوەڕاستی پووشپەڕی ئەمساڵ ـ یش ، بانگهێشت نامەیەک بەپێی سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعات بۆ دادگای شۆڕشی ئێران لەشاری ســنە بۆ ناوبراو نێردرا بوو. جێگەی باسە کە کوڕەکەیشی ” زانیار ئەحمەدی نیاز” ۱۹ساڵ تەمەن لەلایەن لقی ۲۸ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بەتۆمەتی ” هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و بەشداری لە کۆبوونەوە نایاساییەکان” بە ۸ساڵ حوکمی تەعزیری مەحکووم کراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان