کۆڵبەرێک کوژرا و چەند کۆڵبەرێکی دیکەیش بریندارن/ورمێ

KMMK: سێشەممە ۲ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی هەتاوی کۆڵبەرێک بەناوی ڕەشید محەمەد علی تەمەن ۳٤ساڵ خەڵکی گوندی شکڵ ئابادی سەربە ناوچەی مەرگە وەڕ بەهۆی کەوتنە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لەپایەگای زەیتی ئێران  نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، لەسنووری ورمێ کۆژرا و چەند کۆڵبەری دیکەش بریندار دەبن.

تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی یاسایی کراوەو تاکاتی بڵاو بونەوەی ئەم هەواڵە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوەو چارەنوسی ئەو کۆڵبەرە بریندارانەش نادیارە.
بەپێی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ی زاینی بە هۆی پەلاماری هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ١٤٥ کۆڵبەر بریندار و کۆژراون و هەروەها تا کۆتایی مانگی مەی ۲۰۱٨ بیست کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و یان بە هۆی ڕاوەدونانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و کەوتنەخوارەوە لە هەڵدێر گیانیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان