ڕێژەی بێکاری گەنجان لە پارێزگای سنە ڕوو لە هەڵکشانە

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ڕێژەی بێکاری پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو گەنجاندا ڕوو لە زۆر بوونە و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە وەرزی هاوینی ڕابردوودا بە پێی ئامارە فەرمیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ۲۹٪ گەنجانی تەمەن ۱٥ بۆ ۲۹ ساڵ بێکارن و ئەمە ڕێژەیە بە نیسبەت ئاماری ناونجی گشتی جۆغرافیای ئێرانەوە ٦٪ زیاتر بوە.

جێگای سەرنجە کە ئامارە فەرمیەکانی ئێران کە بە دەیان جار دەرکەوتوە کە بە دوور لە ڕاستی و بە پێی بەرژەوەنی دەسەڵاتی ئێران دیار دەکرێت و پاشان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە و بە دڵنیایەوە بە پێی ڕێژەی هەژاری و نەداری خەڵکەوە و هەر وەها بە پێی ڕێژەی کۆلبەران و کار و پیشەگەلێک کە لە ڕێزبەندی پیشەگەلی دەوڵەتیدا ئەژمار ناکرێن بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئاماری فەرمی دەوڵەت دوور لە ڕاستیە و ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی ڕاگەیاندراو ئاماژە بە گەنجانێک دەکات کە باشترێن و بەهێزین جیلی هەر کۆمەڵگا و سیستەمێکن بۆ ئیشوکار.

بەڵام ئەم چینە لە کوردستاندا بە هۆی تێڕوانینی ئەمنی سیستەمی دەسەڵاتەوە کە بە شێوازێکی هەڵاوەردوانە لە نێوان گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کوردا لە سیاسەتی گشتی خۆیدا ڕچاوی کردوە ڕێژەیەکی لە ڕادە بەدەر بێکار لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێناوە کە تەنانەت لە ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پلەگەلی سەرەکی بێکاریدا جێگا دەگرن.

لە لایەکی دیکەوە ئەگەرچی لە بواری کانزاگەلی سرووشتیەوە زۆنی زاگرۆس کە زۆربەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو زۆنەدا جێ‌دەگرن زۆر دەوڵەمەند مخابن تا ئێستا هیچ کارگە و کارخانەیەکی ستراتژیک کە بتوانێت یارمەتیدەری دابزاینی ڕێژەی بێکاری بێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ساز نەکراوە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان