دۆخی پەنابەران لە تورکیا پێشێل کاری بەرچاوی مافی مرۆڤ

KMMK:

بە پێی زانیاری گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، نزیک بە 40 ھەزار پەنابەری کورد و ئێرانی لە تورکیا گیریان خواردوە و دۆسیەکانیان کاریان لەسەر ناکرێن و چالاک نەکراون.

ئەم پەنابەرانە لەلایەکەوە بونەتە قوربانی سیاسەت و تجارەتی نێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و لە لایەکی ترەوە دیلی سیاسەتی ئەمنیەتی ئێران و تورکیان. کۆمیساریای باڵای پەنابەران لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی 2018 پێش بردنی کاروباری پەنابەرانی دایە دەست تورکیا و لە بەرپرسیاریەتی چارەنووسی پەنابەران بەرپرسایەتی لەسەر شانی خۆی لابرد.

ئیدارەی پەنابەری تورکیا و شارەوانیەکان لەم وڵاتە، کە کەمترین ستانداردەکانی مافی پێویست لە بواری پەنابەری پەیڕەو ناکات، دۆسیەی پەنبەرانی کورد و ئێرانی ناچالاک کردوە و پێیاندا راناگات.

شایانی باسە کە، ھاوکاریە ئەمنیەتیەکانی ئێران و تورکیا دۆخی پەنابەرانی بەشێوەیەکی زۆر نالەبار کردوە تا ئێستا چەند پەنابەرێک لە تورکیا کوژراون، پێدەچێت کە حکومەتی ئێران ئەو کەسانەی تیرۆر کردبێت، چەند چالاکی سیاسی بە ھاوکاری تورکیا دیپۆرتی ئێران کراون و یاخود رفێندراون و لە بەندیخانەکانی ئێران خۆیان بینیوەتەوە.

حکوومەتی تورکیا پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی پەنابەرانی کورد و ئێرانی بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان لەشەڕ ھەڵنەھاتوون دوا خستووە. ئەم بابەتە بووەتە ھۆی ئەوەی کە بۆ ئێنتەر ڤیۆی یەکەم چەند ساڵێک دەبێت راوەستن. پاشان لە قۆناغی ھەڵبژاردنی وڵاتی سێھەم و ناردنیان دۆسیەکەیان رادەگرن. سەرەڕای ئەوەش، ئیدارەی پەنابەرانی تورکیا لە ھەوڵێکی نامرۆڤانە دۆسیەی زۆرێک لەو پەنابەرانە، کە پێش ساڵی 2018 لە لایەن رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان وەرگیرابوون ھەڵوەشاندەوە.

نەبونی ئاسایشی گیانی، ھەڕەشەی ئاسایی، ھەژاری و نەبونی ھێزی مادی، نەبونی ئیزنی کار، بێکاری، بەکارھێنانی نایاسایی خاوەن پیشەکان و کاری ھەرزان بۆ پەنابەران و ھەندێک کات پێنەدانی پارەکانیان، نەبوونی قەرەبووی دەرمانی و کۆمەڵایەتی و ھتد ژیانی پەنابەرانی کورد و ئێرانی لە تورکیا کردووەتە خەونێکی مەترسی دار. ئەم بارودۆخە بۆ ژنان و منداڵان بگرە نالەبارتر و مەترسیدار ترە.

ھەڵسووکەوتی نەشیاو، توندووتیژی وتاری و بەکارھێنانی سێکسی خاون پیشەکان بۆ سەر ژنان و مل کەج کردنیان بە لەش فرۆشی بۆ دابین کردنی خوارترین پێداویستیەکانی ژیانیان و منداڵەکانیان شتگەلێکن کە ژیانی ژنانی نالەبارتر کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان سەرەڕای بەرگری لە مافی پەنابەران و مافی پەنابەرانی کورد و ئێرانی، سیاسەتەکانی حکوومەتی تورکیا و بێدەنگی کۆمیساریای باڵای مافی پەنابەرانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەو ھۆیە و ئیدانە دەکات و خوازیاری چارەسەر کردنی گرفتەکانی پەنابەران و بەڕێوە بردنی بەرپرسیاریەتی کومیساریای کاروباری پەنابەران لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان