بە پێی هەواڵی گەیشتو بە کومەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ناردنی هاوکاری و فریاگوزاری بۆ شوێنە زیان لێ کەوتەکان زۆر بە هێواشی ئەنجام ئەدرێت.
وتەبێژی بەشی فریاکهوتنی ئێران باس لەوە ئەکات کە ژمارەی برینداران رو لە بەرزبونە و تا ئیستا گەیشتوەتە زیاتر لە شەش هەزار کەس، کە بەرپرسانی حکومەتی ئەڵێن کەمتر لە سێ هەزارە.
بە پێی زانیارییەکان شاری سەرپێڵ زەهاوی کرماشان، زۆرترین خەساری گیانی و ماڵی وە بەرکەوتووە و شایەتحاڵان باس لەوە ئەکەن کە نیوەی شار بەهۆی بومەلەرزەوە کاول بووە.
هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە ئەکەن کە لەم ناوچانەدا دەرمان و پێداویستی تەندروستی و قەرەوێڵە زۆر کەمە و تائیستا هاوکاریێکی پزیشکی ئەوتۆ نەگەیشتووەتە ئەو شوێنانە.
لەهەمانکاتدا حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە نوێنەری شاری شەهاباد پارلمانی ئێران، رایگەیاندووە کە نەخۆشخانە تازە دروستکراوی شەهاباد بەتەواوی کاول بووە و نەخۆشخانەکانی دیکە لە نێو حەوشەی نەخۆشخانەکاندا چارەسەری بۆ برینداران ئەکەن و توشی کەمی دەرمان و پێداویستی تەندورستی بوون.
جێگای ئاماژەیە کە هێشتا تیمەکانی فریاکەوتن خۆیان نەگەیاندووەتە گوندە خەسار لێکەوتووەکانی سەر بەکرماشان و خەڵک بە دەستی بەتاڵ برینداران و تەرمەکان لە ژێر بینا روخاوەکاندا دەر ئەهێنن.
بە پێی زانیارییەکان گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی ناوچەکە زۆر بە هێواشی ئەنجام ئەدرێت بە جۆرێک یەکەم وەجبەی بەتانی و خێمە دوای ۱۲ کاتژمێر گەیشتووەتە ناوچەی سەلاسی باوەجانی و هەتا گەیشتنی هاوکاری بۆ گوندەکان، چەندین کاتژمێری دیکەی پێ ئەچێت.
شایەت حاڵان باس لەوە ئەکەن کە بارودۆخ لە سەرپێڵی زەهاو زۆر خراپە و هێشتا سوتەمەنی و خۆراک لە نێو خەڵکدا دابەش نەکراوە و باس لەوە ئەکەن لە ئەگەری دابەش نەکردنی سوتەمەنی رێژەی قوربانییان بەرزتر ئەبێتەوە، برسیەتی و نەبونی خێمە دۆخەکەی لەوناوچە ئاڵۆزترکردووە.
شایانی باسە کەئاوی خواردنەوەش لەو ناوچانەدا تا ۴۸ کاتژمێری داهاتو لەبەردەستدا نابێت،لەهەمانکاتدا بەرپرسی ئاووئاوەرۆی کرماشان رایگەیاند کە ئاوی خواردنی شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین، هەرسینو سەلاسی باوەجانی لە رێگای تانکرەوە دابین ئەکرێت.
شایانی باسە کە ناوچە مێژوییەکان و شوێنەوەری ناوچەکەش توشی خەساری زۆربوون کە بەرپرسانی شوێنەواری پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە کە ۵ ئاساری مێژویی لە شارەکانی قەسر شیرین، سەرپێڵی زەهاوو دالاهوو توشی خەسار بوون.
جێگای ئاماژەیە کە دوێنێ ئێوارە بۆمەلەرزێکی بەهێز زۆربەی شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند کە زۆرترین خەساری گیانی ماڵی لە پارێزگای کرماشان تۆمارکراوە و زیاتر لە ۷۰ هەزار هاوڵاتی پێویستییان بە شوێنی نیشتەجێ بوون هەیە و بەهاتنی وەرزی سەرما مانەوەی هاوڵاتییان لەنێو خێمەدا زۆر زەحمەت ئەبێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان