لە ۶ مانگی دەسپێکی ئەمساڵدا، ۲٤هاوڵاتی کورد وکارمەندانی خاوێن کەرەوەی گۆڕەپانی مین بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مین بریندار یان تووشی شەپۆلی مین هاتوون وهاوڵاتییەکی کوردیش گیانی لەدەست داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئاخاوتنێکدا لەگەڵ بەڕێز عیسا بازیار پسپۆڕ وشارەزای گۆڕەپانە مینییەکان وچالاکی مافی مرۆڤ، لەسەر دۆخی خاوێن کردنەوەی گۆڕەپانە مینیەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دواوە.

بەڕێز بازیار لەبارەی دۆخی خاوێن کردنەوەی مین دەڵێ: تەقینەوەی مین وقوربانی بوونی کەسەکان بووە بە گرفتێکی ڕۆژانە لەنێو خەڵکانی سنوور نشیندا. هەبوونی پترلە چوار ملوێن هێکتار زەوینی مین ڕێژکراو لە ۵ پارێزگادا، زۆرترین قوربانی لەنێوان خێڵ وگوندنشینان هەیە. کێشەی مین قەیرانێکی جیهانییە کە ووڵاتانی مین ڕێژکراو هەوڵیان داوە بەشێوازێکی تەواو ستاندارد وبە کەڵک وەرگرتن لە زانستی نێو نەتەوەیی هەڵی بگرنەوە.
۱۶ ڕێخراوەی جیهانی بۆ گەڵاڵەی ستاندارد گەل و مانیتۆری مەترسییەکانی مین لە جیهان چالاکن. دوو کۆمسیۆن لە ڕێخراوەی نێو دەوڵەتی بەشێوەی سەربەخۆ لەسەر ئەم مژارە کار دەکەن و یەکێک لە ڕێخراوەکانی ژێرچاوەدێری ڕێخراوەی نێو نەتەوەیی لەژێر ناوی UNIMAS بەدواداچوون و تەنانەت جێبەجێ کردنی کار لە ناوچە مین ڕێژکراوەکان له جیهاندا سەرقاڵن.
لەئێرانیشدا دامەزراوەی نەتەوەیی مین و بەرپرسی خاوێن کەرەوەی مین، ناوەندی سڕینەوەی مینی ناوە، کە دامەزراوەیەکی چەکداری جێگرەوە ئەندازیاری وەزارەتی بەرگری کە بووجەی سەربەخۆی بۆدیاری کراوە، بەڵام لەم چەندد ساڵەی دوایی نیشانی داوە کە نەک تەنیا لە قەڵاچۆ کردنی ئەم گرفتە ناکارامە بووە، تەنانەت بەڕەچاوکردنی سیاسەتی هەڵە، بۆخۆی بووە بە کێشەی گەورەتر لەم بەستێنەدا.
لە سێ ساڵی دوایی ۸۶ لەسەتی قوربانیانی مین لەو شوێنانە ڕووبەڕووی مین بوونەتەوە کە دەوڵەت وناوەندی خاوێن کەرەوەی مین ئەم شوێنانەیان وەکوو شوێنی جێی متمانە وخاوێن کراوە ڕاگەیاندووە.
لە دواین ڕووداو، ڕۆژی هەینی ۱۶ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ دوو سەربازی ئەرکداری هەنگی سنوورپارێزی دێلوڕان لەناوچەی (نهرعنبر) و له تەنیشت بەرزایی پاسەوانی نەهر عەنبەر، تووشی کارەساتی مین هاتوون و یەکێک لە سەربازەکان پێیەکی بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەست داوە و ئەوی کەیش پرشەی مین داویە لە لاتەنشتی و لەدۆخێکی ناجێگیردایە.
ئەم ناوچەیە بە ڕووبەری نێزیک بە دووهەزار هێکتار لەناوچەی بەیات لەباشووری ڕۆژئاوای دێلوڕان تا ڕێگەی شرهانی لەدەشتی عەباس لەژێر هێڵی گرێبەستی خاوێن کەرەوەی هێزی بەرنگاری بەسیجی سپای ئیلام دایە کە ئەم گرێبەستە لە لایەن ناوەندی سڕینەوەی مین لەساڵی ۸۵ درا بەم ڕێخراوەیە و تاساڵی ۸۹ بۆ ماوەی ٤ساڵ کاری خاوێن کەرەوەی ئەم ناوچەیە لەلایەن هێزەکانی بەرنگاری بەسیجی سپای (امیرالمٶمنین)ی ئیلام لەم ناوچەیە درێژەی هەبوو کەلە هەڵمەتی خاوێن کردنەوەدا ۳ کەس کوژراو و ۱۱ کەسیش هەر لەم ناوچەیە تووشی خەساریی تەقینەوەی مین بوون. و لەکۆتاییدا لەساڵی ۸۹، هەواڵی خاوێن کردنەوەی ئەم ناوچەیە ڕاگەیەندرا و هێزی بەرنگاری بەسیجی ئیلام ئەم زەویانەی وەکوو ناوچەی ئەمن سپاردە ناوەندی سڕینەوەی مین و پاشانیش درا به وەزارەتی وڵات و بەڵگەکانی ئەم گرێبەستە لە ناوەندی سڕینەوەی مین بوونی هەیە.
بەپێی ئەوەی ئەم ناوچەیە ناوچەی سەربازییە و زۆرترین ڕێژەی ڕووبەری ئەم گرێبەستە لە ناوچەکانی سنووری پارێزراودایە، هاتووچۆی کەمتری تێدا دەکرێ، بەڵام لەوبەشەی کە ئاساییە و سەربازی نییە تا ئێستە و بەدەیان جار مرۆڤ قوربانی کارەساتی تەقینەوەی مین هاتووە و ئەمە دەری دەخات کە کار خاوێن کردنەوەی مین بەشێوەی ستاندارد نەهاتۆتە ئاراوە و لەبنەڕەتدا چاودێرییەک لەمەڕ باش جێبەجێ کردنی ئەم یەکەی خاوێنکردنەوەیە لە ئارادا نەبووە (بەڕێز بازیار بۆخۆی لەساڵی ۸۶ لەم ناوچەیە لەکاتی جێبەجێ کردنی خاوێن کردنەوەی ماشێنێک لەگەڵ مینێکی بەجێماو لەکاری ئەو گرووپە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بەگرانی بریندار دەبێت.)
کەچی دوو ڕۆژ پاش ڕوودانی ئەم کارەساتە و برینداری ئەم دووسەربازە، ناوەندی سڕینەوەی مین یەکەیێکی بۆ پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەی ئەم ناوچەیە دەنێرێ کە یەکێک لە هێزەکانی خاوێن کەرەوەی مین بەناونیشانی عەبدولکەریم محەممەدی لەکاتی پشکنینی شوێنەکە، لەگەڵ مینێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بەپێی ئەوەی کەرەستەی گونجاوی پێدەبێ خەساری زۆری بەرناکەوێ وئەم هەموو بەڵگە ودیکۆمێنتانە باشترین شایەتحاڵ وهۆکاری ئەم بانگەشەیە کە، کاری خاوێن کردنەوە لەم ناوچەیە ناتەواو بووە و ئەم گرێبەستە بە پێی یاساکانی ناوخۆی ناوەندی خاوێنکردنەوەی مین بەهۆی دووپات بوونەوەی کارەساتی تەقینەوەی مین لەو ناوچەیەی گرێبەستی لەسەر نووسراوە، پێویستە سەرلەنوێی و بەشێوەی ستاندارد کاری لەسەر بکرێتەوە.
بەڵام پرسیار لێرەدایە پاش تێپەڕینی ۸ ساڵ لەکۆتایی هاتنی گرێبەست، ئاخۆ سپای پاسداران و گرووپی خاوێن کەرەوەی هێزێ بەرنگاربوونەوەی بەسیجی ئیلام، خۆیان بە بەرپرسیاری ئەم ڕووداوانە دەزانن؟
بێ گومان وڵام نایە، چونکوو لە ساڵانی ڕابردوو و لە شوێنەکانی تری وەکوو پارێزگای کرماشان کە دیسانەوەیش هەر یەکەکانی سپا ناوچەگەلێکی زۆریان وەکوو بڵێی خاوێن کردەوە وتەنانەت جێژنی کۆتایی هاتنی خاوێن کردنەوەیان گرتبوو وپاش جێژنی خاوێن کردنەوە ۲۸۱ کەس تەنیا لە پارێزگای کرماشان لە گەڵ مین ڕووبەڕوو بوونەوە، ئاخۆ کەسێک وڵامدەربووە؟
کەچی بەپێی ستانداردەکانی خاوێن کەرەوە تا ۵ ساڵ پاش کۆتایی هاتنی خاوێن کردنەوە لەو زەویانەی مینی تێدایە هەموو بەرپرسایەتی قوربانی بوونی کەسەکان لەئەستۆی دامەزراوەی نەتەوەیی مین لە قۆناغی یەکەم و یەکەی خاوێنکەرەوەی کارای قۆناغی دویەمە، لەم بەشە لە ستانداردەکان بەم شێوە شرۆڤە کراوە:
ئەم پشکنینی ولێکۆڵینەوە تەکنیکییە بەپێی ستانداردەکانی خاوێن کەرەوە گەڵاڵە کراوە ولە (متمم)ی دووی ستانداردە جیهانییەکان تۆمار کراوە، لەدواین پسۆلەی بەڕۆژەڤ کراوی ساڵی ۲۰۱۳ یە. لەم دەستوورە کرداریە جیهانییەدا IMAS) ) بەشی ۷.۱۱ لەهەمبەر بەرپرسایەتی خاوەنکار لەبەندی «ب»ی ئەم بەشە شرۆڤەی بۆکراوە کە:
ناوچە پڕ مەترسییەکان دەبێ بەپێی هەبوون وجێ بڕوابوونی زانیاری وڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ بوونی شایەتحاڵ بۆهەر مەترسییەک، بەدوو بڕگەی مەترسیداری گوماناوی( SHA) ومترسیداری بنەبڕ CHA) )دابەش دەکرێن. ئەو ناوچانەی کەتەنیا شایەتی ناڕاستەوخۆ بەپێی هەبوونی مینن، پێویستە پێی بکوترێ ناوچەی (مەترسیداری گوماناوی). ئەو ناوچانەی کە شایەتی ڕاستەوخۆیان لەسەرهەبوونی مین هەیە دەبێ پێی بکوتری ناوچەی (مەترسیداری بنەبڕ) وبۆهەر ناوچەیەک نیشانەی گوانجاوی خۆی دیاری بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کەلەم ڕووداوانەی دواین وزۆر ڕووداوی هاوشێوەی، هیچ چەشنە هۆشداری پێدان، یان دیاری کردنی نیشانە نەهاتۆتە ئاراوە وهەروەها لەهەمان ئەو ستانداردانەدا لەبەشی ۸۱ بەئاشکرا شرۆڤەی لەسەر کراوە پێش کۆتایی وڕاگەیاندنی (کۆتایی خاوێن کردنەوە) وڕادەست کردنەوەی زەویە مین ڕێژکراوەکان، ێویستە ئەم شوێنانە تا ماوەیەکی دەم درێژ چاودێری بکرێت وبەدڵنیایی بگەی کەهیچ نیشانەیەک لەمەڕ هەبوونی مین لەو زەمینە نییە، پاشان لایەنە پێوەندی دارەکان وخەڵک ودانیشتووانی ناوچەکە ئاگاداربکرێتەوە کە ئەم ناوچەیە خاوێنە وئەگەری هاتووچۆی تێدا ئاساییە.
لەم بابەتانەی وروژاندمان هیچ کات ئەم یاسایانە نە جێبەجێ کراون ونە پاش روودانی کارەساتیش بۆ نیشانە کردنی سەرلەنوێ یان خاوێن کردنەوەی دووپاتە دەسپێشخەری کراوە.
لەکۆتایی دیمانەکەیدا بەڕێز بازیار داوای لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ وکۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد؛
بێ گومان بەرپرسایەتی قوربانی بوونی خەڵک لەناوچە مین ڕێژکراوەکان کە کۆتایی خاوێن کردنەوەیان ڕاگەیەندراوە یان ناوچەکانی دیکە لەئەستۆی دامەزراوەی نەتەوەیی مین یان هەمان ناوەندی پاکتاوکردنی مینە وهەروەها ئەمن عیسا بازیار داوا لەڕێخراوەکانی مافی مرۆڤی وکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەم بەدواداچوون بۆ کێشەی مین لەئێراندا بکەن وبەپێی لە لێکۆڵینەوە قۆناغ بەقۆناغەکانی دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران UPR) ) لە ژنێڤ، کۆماری ئیسلامی پێشنیاری خاوێن کردنەوەی ڕێک وپێکی گۆڕەپانەکانی مینی لەلایەن وڵاتی بووسنیەوە (کەبۆخۆی یەکێک لەووڵاتانی مین ڕێژکراوە) وەر گرت. ئەم پێشنیارە یەکێک لە ۲۹۱ پێشنیارێکە لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران کە کۆماری ئیسلامی پەسندی کردووە؛ بەڵام تائێستە هیچ نیشانەیەک لەچاکتربوونی دۆخەکە لەناوچە پیسکراوەکان بەمین، سەرەڕای تێپەڕینی پترلەدووساڵ لە پەسندکردنی ئەم پێشنیارە نەدیتراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


