وردەکاری کوشتنی ۶کەس لەلایەن سپای پاسداران لە چالدێران

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی ۳ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزەکانی (حمزەسیدالشهدا) لەورمێ، ۶ دانیشتووی نێو ماشێنێکی پیژۆ لەناوچەی ئاوی گەرمی سەربە چالدێران کوژران.

بەگوێرەی هەواڵی تۆری مافی مرۆڤی کوردستان؛ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۳ی خەزەڵوەر ماشێنێک لەجۆری پیژۆپارسی هاوڵاتییەکی ئازەری بەناونیشانی «سەعیدئیسماعیل یار» خەڵکی گوندی «تولکی تەپەسی» سەربەشاری ماکۆ لەڕێگەی لاوەکی ناوچەی ئاوی گەرم سەربە چالدێران کەلەکاتی ڕۆیشتندابوو لەلایەن هێزەکانی بڕیارگەی حەمزەی سپا دەسڕێژی لێکرا.

سەعید وەکوو شۆفیر هاوڕێ لەگەڵ هاوڵاتییەکی دیکەی کورد بەناونیشانی «مەجید دالایی میلان» کە لە کورسی پێشەوەی ئەم ماشێنە دانیشتبوو وچوارکەس لە ئەندامانی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان (هەر چواریان ژن بوون) لە کورسییەکانی دواوە دانیشتبوون، ئەم ماشێنە لەلایەن هێزەکانی سپاوە لەبن چاوەدێری دا بوو، هەربەم هۆیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووتر هەموو دانیشتوانی نێو ماشێنەکە بوون بەئامانجی دەسڕێژی سپای پاسداران.

هەرچوارکەسی دانیشتوو لەگەڵ سەعید ئیسماعیل یار کەشۆفیر بوو بەخێرایی کوژران و مەجید دالایی میلانیش لەکاتێکدا بەگرانی بریندار بوو سەرەتا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی بەهەشتی چالدێران ولەوێیشەوە بەهۆی گرانی برینەکەی گوازرایەوە بۆ ورمێ، بەڵام بەداخەوە لەکاتی گواستنەوەدا گیانی لەدەستدا.

دوابەدوای کوشتنی ئەم دوو هاوڵاتی کورد وئازەریە لەلایەن هێزەکانی سپاوە و لەترسی ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکە بۆئەم کوشتنە، فەرماندارانی ئەم هێزانە لەڕێی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم دوو هاوڵاتییە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە منداڵەکانتان لەلایەن ئەم چوارکەسەی سەربە حیزبە کوردییەکان کوژراون وهێزەکانی ئەوانیش پاش ئاگادار بوونەوە لە ڕووداوەکە چوونەتە شوێنەکە وهەرچوارکەسی ئەو حیزبەیان کوشتووە.

هەروەها یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەجید دالایی میلان کوتوویەتی: «سناریۆی داڕێژراوی هێزەکانی سپا بۆ کوشتنی ئەم دوو هاوڵاتییە ئاساییە لەکاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە تەرمی ئەم دوو هاوڵاتییە لەترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی ئازەری وکورد لەم ناوچەیە پاش ڕۆژێک ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوە. هەروەها ئەو فیشەکانەی وەبەریان کەوتوون پیشاندەری کوشتنی ئەم دوو هاوڵاتیە لەلایەن چەکی هێزەکانی هێزەکانی سپایە کەلایەن پاراستنی ئیتلاعاتی سپا لەدۆسیەی پزیشکی یاسایی هاتۆتە دەرەوە.»

سپای پاسداران بەمەبەستی سەرپۆش دانان لەسەر کوشتنی ئەم دووهاوڵاتییە، بەبنەماڵەکانیان ڕاگەیاندوون کەئەم دووهاوڵاتییە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەکوو شەهید دێنە هەژمارو بنەماڵەکانیان دەچنە بن سێبەری ناوەندی شەهیدەوە بەڵام بنەماڵەکانیان تائێستە ئەم پێشنیارەیان بەرپەرچ داوەتەوە وڕایان گەیاندووە کەمنداڵەکانیان لەلایەن سپاوە کوژراون وپێویستە بکوژەکانیان محاکمە وسزا بدرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان