“یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکە ” ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو ڕۆژی ۱ی ڕەزبەر قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژی ۳ی ڕەزبەریش قوتابخانەکانی باکوری کوردستان دەکرێنەوە منداڵی کورد بەزمانی فارسی و تورکی فێری وانەکان دەکەن .
بەگوێرە ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە لە وڵاتی تورکیا و باکوری کوردستان منداڵانی کورد جگە لەوەی لە خوێندن بە زمانی کوردی بێبەشن، لە کتێبەکانی ئەمساڵی قوتابییەکاندا بە ڕێژەێیکی بەرچاو وانەی ئایینی ئیسلامی بۆ پەروەردەی منداڵان لەبەرچاو گیراوە .
ئەمە جگەلەوەی وڵاتی تورکیا لەلاێیک خۆی بە میراتگری عوسمانییەکان دەزانێت و ئەوەی کە یارەمەتیدەری حوکمڕانی دوور و درێژی عوسمانییەکان بوو هەر ئاینی ئیسلامی و مەزەوی سونەکەبوە و بەمەبەستی پەل هاویشتن و گەورەکردنەوەی پانتایی ئیمپراتۆری نوێی عوسمانی پێویستی بە لاواز کردنی هەستی نەتەوەیی کوردان و لە ڕێگەی زیندووکردنەوە ڕەوتە ئایینیەکەوە هەیە و خواستەنەتەوەییەکانی کوردان گرێ بداتەوە بە ئایینەوە، بەم شێوەیە لەڕێگەی دەقەئایینیەکانەوە زمانی دایک لە بیری منداڵاندا کاڵ بکاتەوە و گرێدانی ئاینی و کاڵکردنەوەی نەتەوەیی لە یەکەم وانەی قوتابخانەکانەوە پەیڕەو دەکات .
منداڵانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هەمان چارەنوسی دەستەخوشکان و هاوپۆلەکانی باکوری کوردستانیان هەیە ، بەو جیاوازییەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وانە بە جێگەی تورکی، فارسی دەخوێنن و بە جێگەی پەروەردەی ئاینی سونە ، ڕاهێنانی بەرەی شێعەیان پێدەکرێت .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سۆنگەی مافەدیاری کراوکانی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤەوە ، نەخوێندن و پەروەردەنەکردنی منداڵانی کورد بە زمانی کوردی به پێشێلکارێیکی ئاشکراو ڕوونی مافە سەرتاییەکانی هەرتاکی کورد دەزانێت.
هەربەو پێیەش داواکارە لە ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی جیهانی بە گوشارخستنەسەر هەردوو حکومەتی ئێران و تورکیا، تاوەکو مافی پەروەردە و فێربوون بەزمانی دایک لە منداڵانی کورد نەگرنەوە و دان بە مافەبنچینیەکانی مافی مرۆڤدا بنێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


