بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ شەممە ۱۳ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی ناوچەی “سرخگیر”ی شاری “ئەیوان غەرب”لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەربووە و بەهۆی بەربڵاو بوونی ئاگرەکە، پانتاییەکی زۆری دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە سووتاوە و هەتا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
چالاکوانێکی ژینگە پارێز بە هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ڕاگەیاند کە لە بە هۆی هەڵکردنی با و نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ ئاگر کوژاندنەوە، وێڕای بەشداری خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان، هەتا ئێستاش ئاگرەکە پەرە دەسێنێت و ئەگەری هەیە بەشێکی زۆرتری ئەو دارستان و لەوەڕگانە ببێتە قوربانی و بسووتێت. هەروەها خەڵکی ئەو دەڤەرە داوا لە خەڵک و لایەنی پەیوەندیدار دەکەن کە ” بە هانایانە بچن و نەهێڵن ئاگر هەموو دارستان و لەوەڕگەکان بسووتێنێت”.
شایانی باسە ؛هەموو ساڵێ لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما، بەشێوەیەکی گوماناوی ئاگر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کورودستان بەردەبێت و ساڵانە بە ڕێژەیەکی زۆر ئاگر لەو ناوچانە دەکەوێتەوە.
هەر لەو ساڵ دا چەندین جار ئاگر لە ناوچە دارستانییەکانی “کەبیرکوە”ی سەر بە شارستانی “بەدرە” ، “دەرەشار” و “ئابدانانی” ئیلام و هەروەها ناوچە سنوورییەکانی کرماشان و سنە کەوتووەتەوە و ئەوەی جێگەی پرسیارە کە بۆ چی ئۆرگانگەلی پەیوەندیدار و بەرپرسانی ئیدارەی ژینگەپارێزی کۆماری ئیسلامی ئێرانە هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانە نادەن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان