بەنداو ساز کردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی بە تاڵان بردنی  ئاوەکانی کوردستان

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بەپێی گوتەکانی قایمقامانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(سنە،ورمێ،کرماشان،ئیلام) پڕۆژەکانی بەنداوسازکردن لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە ، بە چەشنێک کە لە پارێزگای سنە ۱۸، ورمێ ٥۲،کرماشان ۲۲،ئیلام ٤۰ بەنداو لەم چەند ساڵی دوواییەدا ساز و یا لە ژێر پڕوسەی سازکردندان.

بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا ، کۆماری ئیسلامی ئێران بە سازکردنی بەنداوی “درایان” لە دەڤەری هەورامان بوە  هۆی کاول‌کردنی ئاسەوارە مێژوویەکان لەو دەڤەرەدا و کورترین چۆمی جیهان  (کانی بڵ )کە لە ئەو بەشەی کوردستاندایە ، نیزیک بوەتەوە لە وێران بوون و تۆزێک لە خواری ئەو بەنداوەوە ، لە لاێیکی ترەوە بەنداوێکی دیکە لە سەر  چۆمی “سیمرە” ساز کراوە کە بوە بە هۆی لە ناوچوونی ئاسەوارە مێژوویەکانی ئیلام .

پتر لە ۲ساڵە کە کۆمپانیایەکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، دەستی داوەتە سازکردنی بەنداوێک لە “کانی سێو”ی پیرانشار کە ئاوی چۆمی “زی گەورە” و بەرزاییەکانی دۆڵی “شێخ ئایشە” دەخاتە مەترسی لە ناوچوونەوە .

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ئاوی بەنداوی درایان و ۸۰٪ ئاوی بەنداوی “گاوشان” بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران بە مەبەستی دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ دەگوازرێتەوە و لە هەمان کاتدا لە پارێزگای سنە تەنها ۷۰٠۰هەکتار لە کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە بە بەنداوگەلی سازکراو ئاو دەدرێت .لە حاڵێکدا کە زەوی کشتوکاڵی بە گشتی لە ئێراندا ۳٦٪ ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕێژەیە ۱۰٪ بوە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە پێی ئاماری ڕاگەیاندراو لە لایەن “جەهادی کەشاوەرزی پارێزگای سنەوە” ٤٦۰ هەزار هەکتار لە زەویەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەونە خوواری بەنداوەکانەوە کە تا ئێستا هیچ هەوڵێک لەم چوارچێوەیەدا بۆ سازکردن و ئاودێری کردنی ئەو زەویانە نەدراوە.

سەرەڕای ئەوی کە ئەو پڕۆژەگەلی بەنداوسازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکان و گەشە پێدانی کشتوکاڵ بانگەشەیان بۆ دەکرێت ، مخابن لە پڕاتیک و کرداردا شتێکی جیاواز دەبینرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران بە تاڵان کردنی سەرچاوە ئاویەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی لە ناوبردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان و برسی کردنی شارۆمەندانی کورد دەدات ، کە ئەم مژارە بە پێی خاڵی ٥٥ی کۆنفرانسی لاهە لە ساڵی ۱۹۰۷ و کونوانسیونی ژنڤ لە مەڕ تاڵانی سەرچاوە سرووشتیەکان کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدایە بە تەواوی قەدەغە ڕاگەیاندراوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان