کردەوەکانی شارەداری بۆکان ناڕەزایەتی ژینگەپارێزانی لێکەوتەوە
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ ۳شەممە ۱٥ی خاکەلێوە، ژینگەپارێزانی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە لێدوانێک هەڵسوکەوت و کردەوە دژە ژینگەییەکانی شارەداری ئەوشارەیان شەرمەزار کرد و داواکاری هۆشیاری خەڵک بوون لەسەر ئەو کردەوە دژە ژینگەییانە.
زانراوە شارەوانی و شۆڕای شاری بۆکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی درووستکردنی پردی فەلەکەی کولتەپە وشەقامی وەحدەت و ئاسفاڵتی شەقامی سەرەکی شار و هەروەها پڕۆژەی تیجاری و بازرگانی لە فەلەکەی فەرمانداری و پارکی میللەت کە هەتا ئێستا هەموویان نیوەکارن، دەستیان داوەتە وێرانکاری و بڕینەوەی دار و تێکدانی ئاستی سەوزایی و ژینگەیی نێو شار و هەتا ئێستاش چەندین جار لەسەر ئەو بابەتە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی ئەو شارە بوونەتەوە.
شارەوانی و شۆڕای شاری بۆکان چەندساڵە کەوتوونەتە دەستی کەسانێکی ناشارەزا و نابەرپرس کەهەر هەموویان خۆیان لە خەڵکانی دیکە پێ زاناترە و کەوتوونەتە ململانێی یەکتری. تەنگەژە و ململانێی نێوان ئەندامانی شۆڕای شار لەنێو خۆیان و هەروەها لە گەڵ قایم مەقام و نۆینەری پەڕڵەمانی ئەو شارە، بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ناڕەزایەتی چین و توێژە جیاجیاکانی لێکەوتووەتەوە.
ڕێژەی سەوزایی لەشاری بۆکان زۆر لەخوارەوەی ستانداردی جیهانییە و لە سایەسەری شۆڕای گەندەل و ناشارەزا، ئەوەندەی دیکەش دابەزیوە. حەوتووی ڕابردوو خەڵکی ناڕازی بۆکان، لە بەردەم بینای شارەوانی و شۆڕای شار کۆبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و گرژی لێکەوتەوە و ماوەی مانگێک پێش ئێستاش خەڵکی ناڕازی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدابوو.
شایانی باسە کە شۆڕای شار و ئاواییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سیستەمی دەستهەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران دا، تەنیا جێگایەکە بتوانرێ هێندێک خزمەتی خەڵکی شار و دێهاتەکانی تێدابکردرێت، بەڵام بە دەست تێوەردانی شۆڕای نیگابان، هێزە ئەمنییەکان، نوێنەرانی پەڕڵەمانی شارەکان لە پەڕڵەمان و قایم مەقام لە هەڵبژاردنەکان و ڕێگری کردن لە خەڵکانی دڵسۆز و پسپۆڕ و خۆشەویستی خەڵک بۆئەوەی بتوانن لەوێوە ڕووخساری شارەکان ببووژێننەوە و هەروەها ڕێگەدان بە کۆمەڵێک خەڵکی بەسیج و ناشارەزای سەربە خۆیان بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە، بوونەتە هۆکاری سەرەکی کاولکاری و تێکدانی ژینگەی کوردستان.
“کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان”