“کوژرانی ژنێک و برینداربوونی۱۰کەسی دیکە لە خانەسۆری سەربە شنگال”

“کوژرانی ژنێک و برینداربوونی۱۰کەسی دیکە لە خانەسۆری سەربە شنگال”

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ۱٤ی ماڕسی۲۰۱۷ی زایینی، هەزاران کەس لەخەڵکی ئێزدی شنگال کە بەشێکیان لە ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگالybş و بەشێکیشیان کە لە دوای هێرشی داعش لە ۲۰۱٤وە لەکەمپی نەورۆز لە ڕۆژئاوای کوردستان دە ژین، بۆ پشتیوانی کردن لە هێزە کانی ybş ڕوویانکردۆتە ناوچەی خانەسۆری شنگال، لەلایەن هێزێکی چەکدار بەنێوی پێشمەرگەی ڕۆژ(کە لەلایەن پارتی دیمۆکڕاتی کوردستان ـ عێراقەوە دامەزراوە) ڕێگرییان لێکرا و بە گازی فرمێسک ڕێژ و گوللە ڕووبەڕوویان بوونەوە و بەو هۆیەوە ژنێکی ئێزدی بە نێوی(نازێ نایف قەواڵ)بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لە دەستدا و زیاتر له ۱۰کەسی تریش بریندار بوون کە دەوترێت برینی ۳کەسیان گرانە و ئەگەری ئەوە هەیە گیان لە دەست بدەن.

دەوترێت بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێ دەرمان دەکرێن.

شایانی باسە لە ۳ی ئەو مانگە هێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژ بەرەو ناوچەکانی ژێر دەستهەڵاتی ybşجووڵەی پێکرابوو بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە و هەرئەوەش ببووە هۆی پێکدادان ولە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هێزەکانی ybş گیانیان لەدەستداو ۲گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستانpkkش کە ویستبوویان نێوبژیوانی بکەن له لایەن پێشمەرگەکانی ڕۆژ و pdkوە کوژرابوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پێشتر بە لێدوانێک هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژی شەرمەزارکردبوو و داوای لەpkk و pdk کردبوو کە بۆیەکلا کردنەوەی کێشەکانیان، زمانی دانووستان و لێکتێگەیشتن بەکاربێنن و دوورکەونەوە لە زمانی چەک. ئێستاش بە بۆنەی ئەو ڕووداوەی ئەوڕۆوە جارێکی دیکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کۆتایی بەو گرژی و ئاڵۆزیانە بێنن کە نە لە خزمەتی خەڵکی شنگالی بریندار دایە ونە لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلانی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: