بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە گرتوخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون ، عوسمان موستەفاپور زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی ورمێ بەند کراوە تاوەک ئێستا بیست و پێنج ساڵ لە خولی زیندانییەکەی دەرباز دەکات کەچی لە هیچ چەشنە مافێکی پشوودانی بێوەری کراوە .
عوسمان موستەفا پور لە دایکبوی ۱۳٤٦ لە ۲۳ی پوشپەڕی ساڵی ۱۳۷۰دا دەستبەسەر کراوە و هەر لەو ساڵەشدا دادگایی دەکرێت .لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی یاریدەر بۆ کوشتنی کەسێک سەرەتا بە ئێعدام سزادرا . ئەم سزایە لە ساڵی ۱۳۷۹دا بە دەساڵ زیندانی کەم کرایەوە و لە دۆسییەیکی تردا کە بە تۆمەتی پەیوەندی بە حزبی دێمکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆی ساز درابوو، بە ۲٥ ساڵی تر سزا درا .
ئەم زیندانییە سیاسییەی کورد تاوەکو ئێستا لە بەروبومی پشوو بێبەش بوە،ئەمە لە هەلو مەرجێکدایە کە لەو ماوەیەدا دایک و برا و خوشک و خوشکەزای لە دەست داوە و هیچکات بەرپرسانی قەزایی و ئیتلاعاتی ئیزنی بەشداری بەخاکسپاردن و پرسە و سەرخۆشی کەسانی نزیکییان پێنەداوە.
بەپێی پێرەوی ناوخۆی کومەیسیونی سۆز و لێبوردەیی لە مادەی ۱ لە بەشی جێبەجێکاری بەندی ۷۲،۲٤،۱۲٦،۱٨۲ ی یاسای سزای ئیسلامی کە ئەرێنی کراوی ساڵی ۱۳۷۰یە بە پێی کومەیسیونی سوز و لێبوردەیی کۆماری ئیسلامی ئێران عوسمان موستەفایی دەبواێیت بڕی ماوە و خولی سزاکەی لە ژێر چاوەدێری هێزی ئینتزامیدا لە مەرخەسیدا بێت ، بەلام بەرپرسانی قەزایی و سیستمی ئیتلاعاتی ئێران ڕێگرن لە بەکار هێنانی ئەم ڕێنماییە ناوخۆییە لە مەڕ دۆسییەی موستەفا پورەوە.
پرسیارەکە لێرەدایە لە مەڕ ئەم جۆرە زیندانیانەی کوردەوە بۆچی دژایەتی لە گەڵ پێدانی پشوویان دەکرێت لە کاتێکدا یاساییە، کەچی بۆ زیندانیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و لە پێدانی هەرجۆرە پشووی پزشکی و یاساییان بێبەش دەکرێن ، کەچی زیندانیانی غەیرە کورد لەو مافانە سودمەند دەبن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان