لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دووبارە جەخت لەسەر مافی بەکارهێنانی زمانی دایک دەکاتەوە و ئەو بابەتە بە مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤ و بەشێک لە مافە سیاسی، مەدەنی و کەلتوورییەکانی هەموو نەتەوەکان دەزانێت.
زمان ناسنامەی گەلانە و بەبێ پاراستنی، دادپەروەری و یەکسانی بە تەواوی جێگیر نابێت. کەسێک کە نەتوانێت بە زمانی دایک فێربێت، دادخوازی بکات یان لە ژیانی سیاسی و گشتی بەشداری بکات، لە ڕاستیدا لە مافە بنەڕەتییەکانی بێبەش دەکرێت. بۆیە پاراستنی مافی زمانی دایک بەستراوە بە مافی بەشداریی سیاسی، مافی دەربڕینی ڕا و مافی گەیشتن بە دادگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زمانی کوردی ماوەیەکی درێژە ڕووبەڕووی سنووردارکردن و ئاستەنگی بووەتەوە لە لایەن حکوومەتی ئێران. سیاسەتی یەکزمانی و ناوەندگەرایی بووەتە هۆی ئەوەی مافی فێرکردن و بەکارهێنانی زمانی دایک بە شێوەیەکی تەواو دابین نەکرێت. ئەم دۆخە کاریگەریی نەخوازراوی لەسەر بەشداریی سیاسی و گەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان درووست کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە تەرکیزکردن لەسەر خاڵگەلێکی وەک مافی فێربوون و فێرکردن بە زمانی دایک لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن، بەکارهێنانی زمانی دایک لە دادگاکان و ناوەندە حکومییەکاندا، ڕێزلێنان لە فرەزمانی و فرەکەلتووری و ڕێگری لە هەر شێوەیەک لە ئاسیمیلاسیون، جەخت لەسەر پێویستی سیاسەتێکی ڕوون و دادپەروەرانە بۆ پاراستنی مافە زمانەوانییەکان دەکاتەوە. لەسەر ئەو بڕوایەین کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە گرنگانە، هیچ کات دادپەروەری، یەکسانی و دیموکراسی دابین ناکرێت.
هەروەها لەسەر ئەو باوەرەین کە بەبێ هەبوونی دەسەڵاتی حوکمرانی و دەسەڵاتی گەلی کوردستان بەسەر خۆیدا، ئەم مافانە هیچ کات بە تەواوی دەستەبەر نابن.
لە کۆتاییدا، بانگەواز دەکەین با ئەم ڕۆژە ببێتە هۆی نوێکردنەوەی پەیمانمان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، بەرزڕاگرتنی زمانی دایک و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و نەتەوەیەکی ئازاد کە لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزلێنان بۆ جیاوازییەکان دامەزراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


