بەردەوامیی دۆخی ناڕوونیی چارەنووسی هاوڵاتییان لە گرتنگە و زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا

ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، دۆخی ناڕوونیی یاسایی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر کراون، لە گرتوخانە و زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا هێشتا بەردەوامە؛ ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە باری تەندروستی و پاراستنی گیانی ژمارەیەک لەوان زیاتر کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی «جەعفەر مەحموودی»، خەڵکی چواری سەر بە پارێزگای ئیلام، بێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم هاوڵاتییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، نیگەرانییەکی جیددیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە کە ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بێت و مەترسیی دەرکردنی سزای قورسی لەسەر بێت.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، «ئارش عەزیزی»، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری سیروانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند حەوتوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، «ئەحەد میهەنخوا»، خەڵکی شاری شنۆ، دەستبەسەر کرا. پاش ئەویش، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، هاوڵاتییەکی کوردی پارێزگای خۆراسانی باکوور بە ناوی «عادل ڕەئیس قەنوانی»، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستا لە بارودۆخێکی ناڕوونی یاساییدا لە زیندانی بجنوورد ڕاگیراوە.
سەرباری ئەمانە، لە حەوتووی یەکەمی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی کامێران بە ناوی «ئومێد ئەمانی»، لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *