ک.م.م.ک:
دوابەدوای دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی خۆپیشاندەران، لانیکەم سێ هاووڵاتی لە ١٠ بۆ ١٢ی بەفرانبار لە شارەکانی شاباد، سەراوڵە و دێهلۆران بەبێ فەرمانی دادگا، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازرانەوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەسعوود بیناز، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شاباد، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ساڵی ۲۷۲۵ی کوردی دەستبەسەر و لە هەمان کاتدا لە پارێزگای ئیلام، ڕەحیم سادقی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەراوڵە و عەلی محەممەد حەیاتی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی شاری دێهلۆران دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا لە ماوەی ۱۱و ۱۲ی بەفرانبار، لانیکەم ٢٦ هاووڵاتی لە شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەرەپۆل زەهاو و هەروەها ٣٧ هاووڵاتی لە شارەکانی دەرەشار، ئابدانان و دێهلۆران دەستبەسەر کراون.
تا ئێستە، هۆکاری دەستگیرکردنیان نادیارە، هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەخستۆتەڕوو.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدار دەدەن کە دەستبەسەرکراوانی سیاسی لە ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک و بێ پارێزەر، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و سەردانی بنەماڵەکانیان لێ قەدەغە دەکرێت و تەنانەت قسەکردنیان بە زمانی دایکی(کوردی) قەدەغە دەکرێت.
ب.ئ


