بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: پێچەوانەی بانگەشەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگرتن و کۆنتڕۆڵی گرانی و تەوەڕۆمدا، هیچ ئاڵووگۆڕێک لە بەرز بوونەوەی نرخی کەلوپەلدا بە دی ناکرێت و خەڵکی ئاسایی گرانی و بەرز بوونەوەی نرخی کەلوپەل بە ڕوونی هەست دەکەن و لەم نێوانەدا خەڵکی هەژار و کەم داهات قورسایی گەورە لە ئەستۆیانە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، پێداویستی سەرەکی خواردەمەنی بنەماڵەکان لە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی نوێ بە ڕێژەیەکی زۆر بە تایبەت لە چەند مانگی پێشوودا بەرز بوەتەوە.
بۆ نموونە هەر یەک کیلو گۆشت لە چەند مانگی ڕابردوودا پتر لە پێنج هەزار تمەن نرخی بەرز بوەتەوە، بە چەشنێک کە نرخی گۆشت کە لە کۆتایی دەوڵەتی پێشوودا ۳۲ هەزار تمەن بوو، ئێستا نێزیک ۴۰ هەزار تمەنە (۴۰% نرخی بەرزبوەتەوە)، نرخی گۆشتی مریشک لە یەک کیلو ۶۷۰۰ تمەن لە سێ ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای دیاری کردنی نرخی فەرمی، بەڵام نرخی لە ۸ هەزار تمەن زیاتر بەرز بوەتەوە (۱۶% بەرز بوونەوە).
ئەمە لە کاتێکدایە کە یەک کیلو برنج بۆ یەکەم جار ۱۳ هەزار تمەنی تێپەڕاند و تەنانەت ڕکۆردی ۱۶ هەزار تمەنیش تۆمار کراوە، لە حاڵێکدا لە کۆتایی دەوڵەتی پێشدا یەک کیلو برنج ۵۶۰۰ تمەن بوو (۱۰۴% بەرز بوونەوەی بوە).
بەرز بوونەوەی ڕێژەی بێکاری و داخستنی کار خانەکان و کارگە پیشەییەکان، لە ئێستادا بانگەشە کردنی دابەزینی ڕێژەی تەوەڕۆم و گرانی بۆ خەڵک جێگای باوەڕ نیە، چوونکو خەڵک باوەڕ بە ئەو دۆخە دەکەن کە دەیبینن و هەستی پێدەکەن. بە شێوەیەکی دیکە هیچ گۆڕانکاریەک ڕووی نەداوە لە دابەزینی نرخی کەلوپەلدا و هێز و توانای خەڵکیش بۆ کڕین و سەندن بەرز نەبوەتەوە تا کو خەڵک بتوانن باوەڕ بە بانگەشەی دابەزینی ڕێژەی تەوەڕۆم و گرانی بهێنن، وا دەر دەکەوێت کە ناوەندی ئامار و ژمێریاری بۆ دابەزینی پلەی تەوەڕۆم لە گەڵ ڕاستێەکان کە خەڵک دەبینن و هەستی دەکەن زۆر جیاوازە.
بە شێوازێکی دیکە، ئەو خواردەمەنیانە کە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە خواردنی ڕۆژانەی خەڵکدا بۆ نموونە مریشک، گۆشت و برنج کە نێزیکی ۵۳% لە پاش هاتنە سەر کاری دەوڵەتی نوێ نرخیان بەرز بوەتەوە، کە ئەگەر ئەم ئاستی بەرز بوونەوە بە سەر سێ ساڵدا دابەش بکەین، ساڵی ۱۸% گرانی دەبینین، ئەمە بە واتای ئەوەیە ئەگەر چی تەوەڕۆم بۆ ۷% دابەزیوە بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا، خۆراکی سەرەکی بنەماڵەکان نێزیک بە ۲۰% گرانی بە خۆیەوە بینیوە.
لە لایەکی دیکەوە بە پێ ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی ئێران پیشان دەدات، ناوگینی خواردەمەنی و خواردنەوەی بنەماڵەکان لە ساڵی ۱۳۸۴ بە نیسبەت ساڵی ۱۳۹۱ و پێش لە دەسبەکار بوونی دەوڵەتی ڕۆحانی ۸% دابزینی بە خۆیەوە دیوە کە ئەم ڕێژەیە هەژاری زۆرتری خەڵک دەسەلمێنێت و لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم مژارەدا شارۆمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تێڕوانینی ئەمنی و جیاوازی دانان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پتر لە جێگاکانی دیکەی ئێران هەژارتر و چەوساوەتر بوە. شاڕۆمەندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوشارێکی زۆرتر بە نیسبەت جێگاکانی دیکەی ئێران لە ئەستۆیانە، کە ئەم گوشارانە بوە بە هۆی دیاردەگەلی نالەباری کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە دەتوانین ڕێژەی زۆری تەڵاق و کڕین و فرۆش و تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان بێنینە بەر باس.
کۆمەڵەی ماف مرۆڤی کوردستان