ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی، دوو هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار بەناوەکانی ڕەئووف فەڕۆخی و ڕەحیم ڕەحمانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەو دامەزراوە ئەمنییە لە شاری ورمێ ڕاگوازران.
بەگوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکان لەو هێرشەدا بۆ سەر ماڵی فەڕۆخی درگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و هۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، هاوکات هێرشیان کردۆتە سەر گوندی زەنگیئاوێ و ڕەحیم ڕەحمانی دانیشتووی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کردووە.
جێی سەرنجە لەو هێرشەدا هێزە سەرکوتگەرەکان لەڕێی بەکار هێنانی چەندد درۆنەوە لەسەر ماڵی ئەم هاوڵاتیانە، ترس و سامیان خستۆتە سەر بنەماڵەکەیان و وێڕێ بێ ڕێزی و هەڕەشە بەشێک لە کەلووپەلی ئەو هاوڵاتیانەی لە گەڵ خۆیان بردووە.
ق.ش


