کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هەڵوێست و کردەوەکانی کۆماری تورکیا کە بە هێرش کردنە سەر باکوری کوردستان و سازدانەوەی شەرێکی نوێ و توند دژی گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەستی پێکردەوە و ئێستاش هاوکات لەگەڵ شەر و سەرکوتی گەلی کورد، نوێنەرە یاسایی و هەلژێردراوەکانی نەتەوەیی کوردی خستۆتە گرتوخانە، وەک پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان، پێشێلکردنی یاسا گشتیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەروپا لەهەمبەر ئاسایشی گشتی جیهان دەبینێت و ئیدانەی دەکات.
کۆماری تورکیا لە نوێترین هەنگاوی دژە مرۆڤانەدا، هەوڵ دەدات جارێکی تر گەڵی کورد پاکتاوی نژادی بکات و هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر گەلی کوردستان دەست پێ کردۆتەوە.
دوایی خاپور کردنی شارەکانی جەزیرە، شەرناخ، نەسیبین و سور، ئەم جار وێرایی بۆمبارانی شار و گوندەکانی کوردستان، دەستی داوەتە گرتنی پارڵمانتاران، سەرۆک شارەوانیەکان، چالاکانی سیاسی سەر بە پارتە کوردیەکان و خەڵکی نارازی لە باکوری کوردستان.
ئێستاکە بە هەزاران تاکی کورد لە گرتوخانەکانی کۆماری تورکیادان، نوێترینیان بریتین لە سەلاحەدین دەمیرتاش، ڤیگەن یوکسکداخ ، سەباحەت تونجل، لەیلا دەمیرەل، ئەحمەد تورک، گوڵتەن کشاناک و بە دەیان چالاکی سیاسی ناوداری کورد کە رێبەرایەتی بزوتنەوەی ئازادی خوازی گەلی کوردستان دەکەن.
ئەوە لە کاتێک دایە کە نەتەوە یەکگرتوەکان وەک زامنی ئاسایشی جیهانی و بەرپرس لەهەمبەر مافی گەلان و تاکەکان ئەو روداوانە دەبینێت و هیچ هەڵوێست و کردارێکی لە خۆیی نیشان نەداوە و نادات . هەروەها یەکێتی ئەوروپاکە پێوەندی راستەوخۆیی لە تەک تورکیا هەیە و تورکیا دەخوازێ ببێتە ئەندامی یەکجاری و یەکسانی ئەو رێکخراوەیە.، بێدەنگی هەڵبژاردوە و هیچ کردەوەیێکی نیشان نەداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرایی شەرمەزار و ئیدانە کردنی کۆماری تورکیا بە هۆیی کردەوە دژەمرۆڤیەکانیەوە، هاوکات رخنەی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا دەکات کە بێدەنگن لەهەمبەر رەشکوژی گەلی کورد لەلایەن تورکیاوە، و لە ئەگەری درێژەدانی بێدەنگی ئەو دو ناوەندە جیهانیە، ئەوانیش وەک بەرپرسیار و هاوتریپ لەگەڵ تورکیا، بەرپرس و تاوانبار دەبن لە هەمبەر ئەو تاوانە دژە مرۆڤیانەی تورکیا دژی گەلی کوردستان .
بۆیە داواکارین لە نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا و ناوەندەکانی بەرپرس لە هەمبەر ئاسایشی گشتی جیهانی، پێش بگرن لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەنگاوی جیدی و پێویست بۆ ئاسایش و سەقامگیربوونی مافەکانی گەلی کوردستان هەڵگرن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان