ک.م.م.ک.:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو، هاووڵاتییەک بە ناسنامەی سوڕەیا قەیتەران، دانیشتووی گوندی “کانی مەلا”ی سەر بە پیرانشار دوای ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی، هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سوڕەیا قەیتەران لە بەرواری ٥ی پوشپەڕی ئەمساڵدا لە ماڵی باوکی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی ئێران لە ورمێ گوازراوەتەوە. هەروەها پاش لێپرسینەوەی له ناوەندێکی ئەمنی حکوومەتی ئێران له ورمێ بۆ بەندی نەسوانی ژنانی زیندانی حکوومی ئێران لەم شاره گوازراوەتەوه . هەروەها لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.
شایەنی باسە تا ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەر بوون و تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە.
وەک وەبیرهێنانەوە ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، دوو برای بە ناوەکانی عەبدوڕەحمان قەیتران و سەدرەدین قەیتران، بەبێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران و بە شێوازێکی توندوتیژانە، لە ماڵە تاکەکەسییەکانیاندا دەستبەسەر کراون.
ک.ح