ک.م.م.ک:
یەکشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، کوڕێکی مێرمنداڵ بەناونیشانی فەرهاد مەحموودزادە، تەمەن ١٧ساڵ کوڕی نارنج عەزیزبابەکری و لوقمان مەحموودزادە خەڵکی شاری مەهاباد، گیانی لە دەستدا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم مێرمنداڵە، نێزیک بە چوار مانگ پێش، بە هۆی کێشەی سۆزداری لە پارکینگی ماڵەکەیان، پەتی بۆخۆی هەڵخست و دەستی دابوویە خۆکوژی و بەهۆی خەسارەکانی ئەو ڕووداوە، پاش مانەوە و خەواندنی زۆر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە ڕوونی کردەوە؛ پاش ئەوەی بنەماڵەکەی حاڵەتەکە دەبینن دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و لەو سەردەمەوە تا ئێستە لە کۆمادا بووە، بەڵام بەهۆی کاریگەری لێکەوتەکانی ئەو خۆهەڵواسینە، گیانی لە دەستدا.
شیاوی باسە لە ئێران و کوردستان بەهۆی پەروەردەی سەقەتی ناوەندە پەیوەندیدارەکان و باڵکێشی پرسی ئایینی بەسەر کۆمەڵگادا و گرنگی نەدان بە خواستی منداڵان و گەنجان و کوشتنی خەون و هیوا و خولیاکانیان بە شێوەی سیستەمانە، ڕۆژانە کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە بەبۆنەی سوشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە هەموو چین و توێژەکان ئاگاداری مافەکانیانن.
ق.ش