بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کچێکی کوردی خەڵکی بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی (مەنیژە فاتحی)۲۲ ساڵ تەمەن کچی بەهمەن کە ۱٦٥ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە،تا ئێستە لەشوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستتدا نییە.
یەکێکی لەئەندامانی بنەماڵەی فاتحی بە (ڕۆژی کورد)ی ڕاگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆکان هەڵیان کوتاوەتە ماڵی ئەم شارۆمەندە کوردە و پاش پشکنینی تەواوی ماڵەکەی دەسبەسەریان کردووە وگوازتویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە نێزیک کاتژمێر ۷ی شەو سێ کەس لەهێزه ئەمنییەکان هەڵیان کوتاوەتە ماڵیان وبەبێ هەبوونی ئیزنی قەزایی دەسبەسەریان کردووە وبردوویانە بۆشوێنێکی نادیار،هەروەها بە پەیگیری وهەوڵی زۆری بنەماڵە لەهەمبەر ڕەوشت وشوێنی ڕاگرتنی مەنیژە، تا هەنووکە نەمانتوانیوە لەچارەنووسی ناوبراو زانیارییەک وەچنگ بێنین و۱٦٥ڕۆژە کچەکەمان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکراوە وبەگرانی پەرۆشی ئەم دۆخە نالەبارەین.
ناوبراو لەدرێژەدا کوتی، سەرەڕای سەردانە یەک لەدوای یەکەکانمان بۆ ناوەندە ئەمنی وقەزاییەکان وهەروەها بێ ئاگابوونمان لەجۆری تۆمەت ودەسبەسەرکرانی بەم حاڵەوەش تائەم چرکەساتە هیچ زانیارییەکمان لە دۆچخ وڕەوشتی کچەکەمان پێ ڕانەگەیەندراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


