KMMK:
بە پێی هەواڵئ گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، مەسعوود حاجی زادە ٤٤ساڵ تەمەن کوڕی مەدەنی خێزاندار و خاوەنی٥ منداڵ خەڵکی گوندی یەنگیجە سەر بە شاری ورمێ کە لە زیندانی ئێران لە ورمێ بە دۆخی ناجێگیری جەستەییەوە مانی لە خواردن گرتووە.
شیاوی باسە کە حەوتووی ڕابردوو لە ژێر گوشاری دامەزراوە مافی مرۆییەکان لە سەر بەرپرسانی قەزایی و زیندانی ئێران لە ورمێ، ناوبراو بۆ تاقیکاری و چارەسەری سەرەتایی بۆ دەرەوەی زیندان ڕاگوازرا. پاش ئەوەی وڵامی تاقیکارییەکانی دەردەکەوێ کە هەرچی خێراتر دەبێ هەم سک و هەم پێی نەشتەرگەری بکرێت.
بەڵام بەرپرسانی زیندان لەوپەڕی سرەسووڕماندا بۆ زیندانیان گەڕاندەوە و داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە دەبێ بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بۆ ئەوەی ڕێگەی ناردن بۆ نەخۆشخانەی پێ بدرێت.
شیاوی باسە کە بەرپرسانی زیندان کۆمەڵێک چەقۆ کێش و شەڕلاتانیان لە زیندان ڕاگرتووە کە بۆ هەڕەشە و تۆقاندنی زیندانیانی دیکە کەڵکیان لێ وەردەگرن. یەکێک لەو شەڕلاتانانە کە لە زیندانی ئێران لە ورمێ هەڕەشە لە زیندانیان دەکات و هەروەها دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەی حاجی زادەیش کەسێکە بە ناوی ئیبراهیم خەتیبی.
ناوبراو یەکێک لەو شەڕلاتانانەی لە زیندانی ورمێ دایە کە یارمەتی بەرپرسانی زینداندەدات لە ئەشکەنجە کردنی کەسەکان و سوکایەتی و بێ ڕێزی بە بنەماڵەکانیشیان دەکات.
ق.ش


