تەندروستی نایب حاجیزادە لە مەترسیدایە و دەبێت بەپەلە چارەسەری بۆی بکرێت

KMMK:

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژی یەکشەممە 12ی ڕێبەندانی 2720 بە دەست کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، زیندانی سیاسی نایب حاجیزادە لە باری تەندرووستی خراپدایە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلەی پزیشکی هەیە.

نایب (مەسعود) حاجیزادە کوڕی مەدەنی خەڵکی گوندی “یێنگجە”ی ناوچەی سۆما برادۆست-ی سەر بە شاری ورمێ یە.

کاتێک دەسبەسەرکرا، نەشتەرگەرییەک هەبوو و دەبوایە سەرلەنوێ نەشتەرگەری بۆی بکرابا. لە نەشتەرگەری یەکەمدا پلاتینی لە قاچدا دابنرێت و لە نەشتەرگەری دووەمدا پلاتینەکە لە قاچی دەربهێنرێ.

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتیان کردووە کە ناوبراو ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەن، بەو هۆیە پلاتینی قاچی دەچێتە ناو گۆشتەکەی و دەبێتە هۆی هەوکرنی خەستی قاچەکە.

نایب حاجیزادە، سەرەتا لەلایەن دادگای ئینقلابی حکومەتی ئێران بە تۆمەتی سیاسی بە 10 ساڵ و ڕۆژێک زیندانی سزادرا، پاشان کەمبوویەوە بۆ 7 ساڵ و 6 مانگ حەبسی تەعزیری.

بەپێی وتەی سەرچاوەکی باوەڕپێکراو، دوای بینینی تەندروستی بەڕێز حاجیزادە، بەرپرسانی زیندان ڕازیبوون بەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، هەرچەندە پێدەچێت ئەم جارەش تێکدان هەبێت و چارەسەری پزیشکی بۆی ڕەتبکرێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکومەتی ئێرانی بە بەرپرسی تەندروستی و ژیانی ئەو زیندانییە دەزانێت و داوای چارەسەری پزێشکی بەپەلە بۆ ناوبراو دەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان