کوژرانی هاوڵاتییەکی باکووری کوردستان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران ـەوە

KMMK:

ڕۆژی سێشەممە15ی ڕەزبەری2720ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بە ناونیشانی “شەفیق باگا” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری شاری ماکۆ کوژرا.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتە خۆجێییەکان، ئەم هاوڵاتییە لە کاتی گەڕانەوە لە شاری ماکۆ بەرەو باکووری کوردستان کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە گرانی بریندار بووە.
بە پێی کوتەی شایەتحاڵە خۆجێییەکان، بە هۆی گرانی و قوڵی برینەکە ناوبراو گیانی لە دەست داوە. بەڵام هێشتا لە سەر چارەنووسی تەرمەکەی و کاتی ڕادەست کردنەوەی بە بنەماڵەکە زانیاریێەکی ورد بە دەستەوە نییە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 56 کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و 156 کۆڵبەر و کاسبکاریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی توڕکیا و ئێران بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان