هێزە سنوورییەکانی ئێران خەڵکی دوو گوندی سەردەشتیان ناچار کرد ئاواییەکان چۆڵ کەن

KMMK:

رۆژی پێنج شەمە 10 رەزبەری 2720ی کوردی، هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری سەردەشت دانیشتوانی دوو گوندیان ناچار کرد زێدەکەیان چۆڵ بکەن.
ئەم دووگوندە دوو لەو شەش گوندەی سنووری سەردەشتن کە پێشتر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەیان لێ کردبوون کە دەبێت بە زووترین کات ئاواییەکەیان چۆڵ کەن.
هەر لەم پەیوەندییەدا نوێنەری دانراوی حکوومەت بۆ شاری سەردەشت و پیرانشار لە پارلمای ئێران گوتی: «دانیشتووانی ئەم دوو گوندە بە شێوەی کاتی شوێنێکی مانەوەیان بۆ خۆیان دەست خستووە، بەڵام دانیشتووانی ئەو گوندانەی دیکە پەیوەندیمان پێوەدەکەن و دەرگرین و دەڵێن چی بکەین و بێ دەرەتانین شوێنێک نییە بۆی بچین».
ئەمە لەحاڵێک دایە کە دانیشتووانی ئەم گوندانە حازر نین زێدەکەیان چۆڵ کەن، بەڵام هێزە ئینتزامییەکان بە هەڕەشەوە ئاگاداریان کردوونەتەوە ئەگەر گوندەکان چۆڵ نەکەن ئەوا خانووەکان بەسەریاندا دەڕووخێنن و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی یاساییان هەیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کودستان لە هەواڵێک دا کە رۆژی هەینی 4ی رەزبەری 2720ی کوردی بڵاوی کردبوو، ئاماژەی دابوو کە هێزە سنوورییەکاین کۆماری ئیسلامی ئێران بە دانیشتووانی شەش گوندی ناوچەی سەردەشتیان راگەیاندبوو کە دەبێت ئاواییەکانیان چۆڵ بکەن لەبەر ئەوەی ئەم گوندانە کەوتوونەتە ناوچەی سووری سنوورییەوە.
بەپێی زانییارییەکان ناوی ئەو شەش گوندە بە شێوەی خوارەوەن؛
هەرزەنی، ئەکانی خوارەوە، تیتی خوارەوە، گاکە، بەردان و گۆڕەشێرە
ئەم هەوڵەی حکوومتی ئیسلامی ئێران نموونەی کۆچاندنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافی کوردستانە و بە هەموو شێوەیەک مەحکووم دەکرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی، حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داواکارە بۆ پاڵپشتی لە دانیشتووانی ئەم گوندانە وەدەنگ بێن و هەوڵ و تێکۆشانیان ئەوە بێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بە پاشە کشی بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان