KMMK:
دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، دنیا نەوزەری کچێکی ١٨ ساڵ تەمەنی دانیشتووی شاری مەریوان دەستی دایە خۆکوژی و لە ئەنجامدا گیانی خۆی لە دەست دا.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چالاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری خۆکوژی ئەم کچە ١٨ ساڵەیان بە دژایەتی ناوبراو بەرانبەر بە زەماوەندی زۆرەملێ ڕاگەیاندووە. بەڵام تاهیر نەوزەری باوکی دنیای ١٨ ساڵان ڕایگەیاندووە؛ بابەتی زەماوەندی زۆرە ملێ و لێدانی کچەکەی درۆیە و بەرپەرچی داوەتەوە.
شیاوی باسه کە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هەبوونی هەڵاواردای زۆر کە دژبەوان دەکار دەکرێ، لە زۆر حاڵەتدا دەست دەدەنە خۆکوژی. پشتیوانی نەکردنی یاسا له ژنان و هەبوونی یاساگەلی دژە ژن، گوشار و تەنگەژەی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی، هەژاری و بێکاری لە هۆکارە بەرچاوەکانی خۆکوژی ژنان دێتە ئەژمار.
بە پێ داتاکانی ناوەندی ئەماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان له سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری خۆکوژی ئەم مێرمنداڵەوە ٢٣ ژن خۆیان کوشتووە یان کوژراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان