KMMK:
ڕۆژی هەینی ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێک بە ناونیشانی ” عەلی خزرزادە” خەڵکی گوندی ” کۆلکەڕەشی سەر بە شاری سەردەشت لە سنووری چۆمانی سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بووە.
بە گوێرەی هەواڵەکە ناوبراو پاش برینداربوونی لە لایەن هاوڕێکانییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بانە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
شیاوی باسە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان کە هیچ دەرفەتێکیان بۆ بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان پێ شک نایە لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە و لە کاتێکدا دەزانن کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە دڕندانە ترین شێوە لە گەڵیان ڕووبەڕوو دەبنەوە، دیسانەوە، ئەمە تەنیا ڕێگەیەکە کە بتوانن بژیوی بنەماڵەکەیان دابین بکەن .
لەلایەکی دیکەوە هەموو ژێرخان و سەرخانی ئابووری کوردستان لەلایە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە و ڕەوانەی شارەکانی ناوەندی ئێران دەکرێ.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم حاڵەتەوە ٢۵ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون و ۶١ کۆڵبەریش بریندار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان