مەهاباد: دەسبەسەر مامۆستایەک بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی

KMMK:

ڕۆژی شەممە ٢٧ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، یاسر ئەمینی ئازەر مامۆستای(دبیر)ی پەروەردە و خوێندکاری شاری مەهاباد دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: یاسر ئەمینی ئازەر بە بۆنەی بەشداری لە مانگرتنی پیشە ئەنجوومەنی مامۆستایان بۆ بەرگری لە داواکاری مامۆستایان و پێڕاگەیشتن بە دۆخی ناجێگیری قوتابیان، ١۵مانگ زیندانی بە سەردا سەپێنرا بوو.

شیاوی باسە کە: یاسر ئەمینی ئازەر لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ٢٧١٩ی کوردی، کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەو ناوەندە ئەمنییە ڕاگواسترا و پاش ١٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ۵٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. وێڕای ناڕەزایی دەربڕین و بەرزکردنەوەی دۆسیەکەی بۆ داداگای پێداچوونەوە بە بێ هیچ گۆڕانێک حوکمەکەی پەسند کرا و هەمدیسان دوایی ناردنی ئەو حوکمە بۆ دیوانی باڵای وڵات بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو حوکمە وەکوو خۆی پەسند کرا.

جێی بیرهێنانەوەیە؛ ناوبراو ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ی کوردی، وێڕای مانگرتنی سەرانسەری مامۆستایان بۆ لێژنەی پێداچوونەوە لە سەر پێشێلکارییەکانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاری شاری مەهاباد، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا و لێپێچینەوەی لە سەر جێبەجێ کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان