KMMK:
دووشەممە ۱۸ی خاکەلێووەی ۲۷۲۰ی کوردی، سابیر نادری، زیندانی سیاسی دانیشتووی شاری قوروە، لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە ئازاد بوو. ئازادی ئەم زیندانییە سیاسییە بە بۆنەی جێژنی نەورۆز و بە بۆنەی تەشەنەی ڤایرۆسی کوڕۆنا هاتۆتە ئاراوە.
ئەندازیار سابیر نادری لە ڕێکەوتی ۲۸ی سەرماوەزی ۲۷۱۸ی کوردی بۆ کێشانی خولی ۴ ساڵی زیندانی لە ماڵەکەی خۆی لە قوروە دەسبەسەر و بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە گوازرابوویەوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە گەلاوێژی ۲۷۱۷ی کوردی، بە تۆمەتی ” هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانیێەکانی دژ بەری حکوومەتی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە ۶ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرابوو کە ئەم حوکمە لە کۆتاییدا لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ۴ ساڵ داشکا.
سابیر نادری ڕێکەوتی ۱۴ی سەرماوەزی ۲۷۱۶ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ۷۰ ڕۆژ دەسبەسەری لە ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری سنە بۆ زیندانی ئەو شاره ڕاگوازرابوو.پاش سێ مانگ دەسبەسەری و کۆتایی قۆناغەکانی لێپێچینەوە، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
سابیر نادری ئەندازیاری (نرم افزار) و بەڕێوەبەری کومپانینیەکی خزمەتگوزاری نەرم ئەفزاری کۆمپیۆتەرە و نووسەر و لە نووسەرانی کتێبی” “حریم خصوصی و ئەمنیەتی ئینتەڕنێت( هاوتەریب لەگەڵ پێڕستی زانکۆی زانستی کارببوردی) ـیە.
شیاوی باسە کە حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو زیندانیانەی حوکمەکەیان پێنج ساڵ یان کەمترە لە زیندان ئازاد دەکرێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان