KMMK:
ڕۆژی سێ شەممە ۲٤ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیان کوتایە شوێنی کاری «سیرووس عەباسی» و «فەریدە وەیسی» و ئەم دوو چالاکەی خەڵکی دێولان ـ یان دەسبەسەر کرد.
بە پێی هەواڵی سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیان کوتایە سەر دامەزراوەی فێرکاری «زانست» لە شاری دێولان، سیرووس عەباسی و هاوژینەکەیان دەسبەسەر کرد. هێزە ئەمنییەکان ئەم دوو چالاکە مەدەنی ــ کەلتووری و ژینگە پارێزەیان بە بێ نواندنی مۆڵەت و بە هەڕەشە و لێدانی سیرووس عەباسی دەستبەسەر و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم سەرچاوە درێژەی پێ دەدا و دەڵێت: ئازاد عەباسی برای (سیرووس) وەکوو بە دواداچوون و وەرگرتنی زانیاری لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەری ئەم دوو ئەندامەی بنەماڵەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردووە و هێزە ئیتڵاعاتییەکان ئەم چالاکە مەدەنیەش دەستبەسەر دەکەن.
سیرووس عەباسی دامەزرێنەری دامەزراوەی زانست لە شاری دێولان، گەلاوێژی ئەمساڵ لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە مەرگی کۆڵبەران و دۆخی زاڵ بەسەر کوردستان و ئێران دژکردەوەی نیشان دا و بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی له ئینستاگرامی خۆی ڕەخنەی لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران گرت. پاش بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. هەروەها ناوبڕاو کاتی گیان لەدەستدانی دوو برای کۆڵبەری خەڵکی مەریوان، پەیامێکی ڕەخنە ئامێزی ئاراستەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو.
ئەم سێ چالاکەی خەڵکی دێولان، لە ماوەی ساڵانێکی دوور و درێژ چالاکی گەلێکی بەنرخیان لە گۆڕەپانەکانی پەروەردەیی، مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ئەنجام گەیاندووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
Pingback: كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان » ئارمان وەفایی ئازاد کرا؛ ماوەی دەستبەسەری ئەکبەر گەوێڵی درێژ کرایەوە