KMMK:
رۆژی دووشەممە ۱۰ ی پوشپەڕ، ئاگر لە كارگەی بەروبومە نەوتیەكانی شارۆچكەی پیشەسازی كرماشان كەوتەوە و بە هۆیەوە كرێكارێك ژیانی لەدەستدا و دووانی تر برینداربوون.
بەپێی زانیاریەكان ئاگركە لە كاتژمێر ۴ و ۳۰ خولەكی بەرەبەیان كەوتوەتەوە و لە ئەنجامی تەقینەوە لەو كارگەیە كەسێك گیانی لەدەستداوە و بە هۆی فراوانبوون و تەشەنەسەندنی ئاگرەكەشەوە دوو كرێكاری تر برینداربوون، كە لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشكیدان و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی هیچ یەك لە قوربانیانی ئەو رووداوە ئاشكرا نەكراوە.
جێی ئاماژەیە، نەبوونی مەرجەكانی تەندروستی لە شوێنی كار، نەبوونی پاراستنی پیشەیی لەسەرجەم پیشەكان و نەبوونی راهێنانی پێویست بەمەبەستی كەمكردنەوەی زیانە گیانیەكان و پاراستنی گیانی كرێكاران، لەو كێشانەن كە بەرەروڕووی كرێكارانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبنەوە و رۆژانە كرێكاران دەكەونە بەر مەترسی گەورە و بەرپرسانی حكومیش سەرباری ئەوەی ئاگاداری ئەو كێشانەن، بەڵام بۆ چارەسەركردنیان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ باشكردنی مەرجەكانی سەلامەتی شوێنی كار هیچ هەنگاوێك نانێن.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان