هێرش کردنە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی بە پێچەوانەی یاسا و مافەکانی مرۆڤە

KMMK:
سێ شەممە ۶ی سەرماوەز هێزێکی ئاسایشی سلێمانی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بارەگای سەرەکیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانیان لە شاری سلێمانی گەمارۆدا و هەوڵی داخستنی بارەگاکەیان دا، بەڵام دوای بێ ئەنجامبوونی هەوڵەکانیان، بارەگاکەیان جێهێشت و مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێریان بە بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادیی داوە، بۆ ئەوەی بارەگاکە دابخەن.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٤ دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت و هەبوونی بیروڕای جیاوازەوە لە دەسەڵات، چەندین ئەندامیان دەستگیرکراون و ئاستەنگی بۆ کار و چالاکییەکانیان دروستکراوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە، داوای مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامی نەداوەتەوە، بەپێی یاسای حیزبە سیاسییەکانیش کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٣ دەرکراوە، هەر داواکارییەکی مۆڵەت وەرگرتن بۆ حزبی سیاسیی وەڵام نەدرایەوە و تانەی لێ نەدرا، ئەوە بە واتای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی دێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاوگرتنی یاساکانی باشووری کوردستان و حکومەتی فیدرالی عێراق، هەر وەها لەبەر چاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ، ئەو کردەوەی ئاسایشی سلێمانی بە کارێکی هەڵە دەزانێ کە زیان بە یاسا و دیموکراسیەت دەگەیێنێت و تەنیا دەرئەنجامی کپ کردنی ئازادی و مافی خەڵکە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان