kmmk: پێنج شەممە ۱۷ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پیرانشار کاسبکارێکی کورد بەناونیشانی ” سەلاح ئیسفەندوەند” ۲۸ساڵ تەمەن و خەڵکی مەهاباد کوژراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار : ئەم هێزانە بە شێمانەی هەڵگرتنی باری قاچاخ و بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لەم کاسبکارە کورد کردووە و ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک گیانی لەدەست داوە.
ڕۆژانە کاسبکارانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و ئەم لە کاتێکدایە کە گۆمڕوکی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدەستی حکوومەت دایە و ڕۆژانە ئاڵووێرد کردنی شتومەکی قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە پتر لە چەندد میلیارد تمەنە و لەلایەکی دیکەوە خەڵکی هەژاری کۆمەڵگای کوردستان بەپشتبەستن بە داهاتێکی زۆرکەم لەڕێی کۆڵبەرییەوە ژیانی خۆیان دابین دەکەن بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێدەکەن وکۆڵبەران دەکوژن وبرینداریان دەکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


