کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای پیرۆز کردنی ۸ی مارس لە هەموو جیهانیدا بە تایبەت ژنان، ئەو رۆژە بەرز رادەگرێت و هیوادارە کە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەسبەر کردنی یەکسانی، بەرابەری ژن و پیاو، دادپەروەری و راماڵینی هەر چەشنە توندوتیژی و نادادپەروەری بە ئامانج بگات.
دەستەبەر کردنی یەکسانی و نەمانی جیاوازی نێوان ژن و پیاو و لەناوچوونی هەر چەشنە ستەمکاری دژ بە ژنان، وەک سەرەتایەک بۆ دامەزرانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیە کە تێیدا مرۆڤەکان و هەموو گەلان ئازادانە بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن
خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان لە ئەساسدا، راوەستانە لەبەرامبەر یاسا و رێسا کۆن و دژە بەها مرۆڤیەکەیان وحكومەتە دیكتاتۆرەكانلەجیهانی ئەمرۆدا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئایینیو بەیاساكانی ئاپارتایدی رەگەزیی، هەوڵی لێکترازاندنی کۆمەڵگایی داوە و بەم شێوەیە درێژە بە سیاسەتی دژە مروڤیانەی خۆیی دەدات. کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە سێ دەیەیە هەوڵی سەركوتی ژنان، پێشێلكردنی مافەكانیان لەكۆمەڵگا، شوێنی كار، فەرمانگەكان، شوێنی پەروەردە و هتد دەدات، بەو چەشنە تەواوی کۆمەڵگایی بە ژن و پیاو و هەموو نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، کردۆتە ئامانجی لەناوبردن و ژێردەستە کردن.
لەبەرامبەردا تێکۆشانی ژنان لە کوردستان کە بەرخۆدانی ژنانی كۆبانیو رۆژئاوایی کوردستانی وەک رەمزی هەڵگرتوە، دەستی داوەتە خەبات و تێکۆشان، ئازادی و بەرخۆدانی ژنان کە بیر و دانانی ژیان و ژنی ئازادی کردۆتە ئامانج و سەمبۆل لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش بەرەو تێکۆشان و پێشکەوتنە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە ئاوردانە سەر بەرخۆدانی ژنان لە باکوور و روژئاوای کوردستان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ژنان لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش دەتوانن بە وانە گرتنە لەو بەرخۆدانە، هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بەرەو پێشتر بەرن.
لەکۆتایی دا ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوبارە پیرۆزبایی رۆژی ژنان دەکەین و هیوادارین کە کۆمەڵگا بە تێکۆشانی خۆیی، نابەرابەری و نایەکسانیە کان لەناو بەرێت و کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک بۆ هەموو مرۆڤایەتی ئاوا بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان