بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وسەرچاوە ئاگادارەکان ،نووسەر وتوێژەری کورد دوکتۆر “هێرش قادری” خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی ۲۰ڕۆژە لەلایەن ئاسایشی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە بەبیانووی نەبوونی مۆڵەتی نیشتەجێ بوون دەسبەسەر کراوە و تا ئەم ساتەوەختە چارەنووسی نادیاەر.
ناوبراو هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆرا لە بواری زانستە سیاسییەکان ونووسەری کتێبی “ئەقڵی سیاسی ئێرانییەکان و ناسنامەخوازی کوردە”.
بەگوێرەی هەواڵەکە، هەموو هەوڵەکان بۆ ئازاد کردنی ناوبراو، بێ ئەنجام ماوەتەوە. ئاسایشی پارتی بەبیانووی جیاجیا خۆی لە ئازادکردنی ناوبراو دەبوێرێ.
سەرچاوە ئاگادارەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی بە پشتبەستن بەڕەخنەکانی لەسەر حکوومەتی باشووری کوردستان وبەتایبەت پارتی دێمۆکڕات دەزانن.
ناوبراو پاش ئەو گەشتە مەیدانیانەی لەباشوور وبەتایبەت لەهەولێر وزاخۆ کردوویەتی ، ڕەخنەی زۆری ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە لەسەر بنەمای خۆجەیی نەبوونی یۆربەی پێداویستییەکان وسووک کردنی زمان وکەلتووری کوردی و پشتبەستنیان بە سامان وبەرهەم وهەروەها زمان وکەلتووری وڵاتانی بێگانەوە و نەبوونی خزمەتگوزاری وبەجێکردنی خواستە نەتەوەیی وڕەسەنەکان و هەر وەها نەبوونی خزمەتگوزاری تەندرووستی وکەلتووری پەروەردە وپاک وخاوێنی ناوشارەکان و وشیار کردنەوەی خەڵک لەمەڕ ئەم بابەتانە و وروژاندنی زۆربابەتی دیکە دەزانن.
جێی بیرهێنانەوەیە دوکتۆر هێرش قادری بەهۆی خەباتە مەدەنییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پەلامار دراوە و مەترسی کەوتە سەرژیانی وناچاربوو پەنا بباتە باشووری کوردستان.
سەرچاوەی ئاگادار لەدۆخەکە کە توانیویانە لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو پێوەندی بگرن ، هۆکاری دەسبەسەری ناوبراویان تەنیا بۆئەو ڕەخنانە گەڕاندۆتەوە.
پێویستە بگوترێ گیان وژیانی ناوبراو لەمەترسیدایە وتەنانەت ئەگەری ڕادەستکردنەوەیشی بۆ ئێران لەئارادایە، هەربۆیە پێویستە هەموو چالاکوانان وڕێکخراوە مەدەنی ومافی مرۆڤیەکان تواناکانیان بخەنە گەڕ لەهەمبەر گیان وژیانی ئەم توێژەرە کوردە وهەوڵ بۆئازادی یەکجارەکی وی بدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


