پێنەدانی مووچە و شایستە بیمەییەکانی کرێکارانی شارەوانی سەردەشت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ماوەی ٤ مانگە کرێکارانی شارەوانی سەردەشت، مووچەکانیان وەرنەگرتووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە شارەوانی ئەو شارە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشە پارەی بیمەکەشیان بۆ نەداون.
هەر بەپێی هەواڵەکە، شارەوانی شاری سەردەشت ڕۆژی ۱۱ی بانەمەڕی ڕابردوو، بەڵێنی دابوو کە لەماوەی ۲ مانگ دا مووچەکان و بەشە بیمەکەیان پێبدات.
یەکێک لە کرێکاران ڕایگەیاند: ئێستا هاوکارەکانم تواناییان نییە کرێی خانووەکانیان بدەن و تەنانەت بۆ کڕینی نانی وشکیش بۆ بنەماڵەکانیان تووشی گیر و گرفت دەبنەوە.
۲۰۰ کرێکاری شارەوانی سەردەشت کە لە بەشە جیاجیاکانی وەک شینکایی و ئاگر کوژێنەوە، خەریکی کارن، لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە حەقدەست و شایستە کرێکارییەکانیان وەرنەگرتووە و لەبەر تێنەکردنی پارەی بیمەکانیان، ناتوانن مۆڵەتی دەفتەرچە کۆمەڵایەتییە تەندرووستییەکانیان نوێ بکەنەوە.
لەو ۲۰۰ کرێکارە، هێندێکیان لەلایەن بەشی تایبەت و هێندێکیشیان لەگەڵ شارەوانی گرێبەستیان بۆکراوە.
یەکێک لەو کرێکارانە دەڵێ: ڕێگریمان لێدەکەن کە بەدوای مافەکانمان دا سەردانی شوێنە ئیدارییە جیاجیاکان بکەین و لەترسی دەرکردنمان ناوێرین سەردانی شۆڕای شار یان شوێنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکەین و هەروەها گووشارمان لەسەرە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرنەبڕین.
هەروەها باسی باروودۆخی دژواری ژیان لە شاری سەردەشت دەکات و ڕایگەیاند کە شارەکەمان هەتا ئێستاش ئاسەواری کیمیابارانی کاتی شەڕی لەسەر نەسڕاوەتەوە.

ماوە و کاتژمێری زۆری کار، پێنەدانی پارەی کار، نەبوونی توانایی کڕین، بەشێک لەو کێشانەن کە ڕووبەڕووی ئەو کرێکارانە بووەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان