بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ماوەی ٢٤٥ ڕۆژ لە زیندانیبوونی بە نایاسایی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە و پەڕڵەمانتاری ئەو پارتە لە پاڕڵەمانی تورکیا تێدەپەڕێت. بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای دەمیرتاش بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەمیرتاش قبووڵی نەکرد کەلەپچە بکرێت، دادگای تورکیا ڕێگای نەدا بەشداری دانیشتنی دادگا ببێت.
رۆژنیوز لە هەواڵێک دا لەمبارەوە دەنووسێت، پاش ٢٤٥ ڕۆژ زیندانیبوونی بەنایاسایی، ئەمە یەکەمین دادگا بوو کە سەلاحەدین دەمیرتاش بە شێوەی جەستەیی بەشداری دەکرد، پێشتر لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنەوە بەشداری کردبوو لە دادگاکانیدا.
دەمیرتاش پێش دەستپێکردنی دادگاکە قبوڵی نەکرد دەستی کەلەپچە بکرێت و بەو هۆیەشەوە دادگای تورک ڕێگای نەدا بەشداری دادگاکە بێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش و کۆمەڵێک لە پارلمانتارانی هەدەپە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەست بەسەر کراون و بەرەو رووی ناعەداڵەتی و زێدەڕۆیی دەوڵەتی تورکیا بوونەتە.
شایانی باسە کە لەوبارەیەوە ئەوڕۆ عوسمان بایدەمیر ئەندامی پەڕڵەمانی تورکیا و و هاوکات قسەکەری پارتی دێموکراتیکی گەلان hdp لە لێدوانێکی بۆ ڕاگەیاندنەکان دا ڕایگەیاند: ئەوەی ئەوڕۆ دادگایی دەکرێت تەنیا کەسی سەلاحەدین دەمیرتاش نییە، بەڵکوو دادگایی کردنی ٦میلیۆن دەنگدەری تورکیا و هەروەها هیوای داهاتووی تورکیایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


