کۆبوونەوەی شارۆمەندانی ماڵدۆڕاوی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان

بە گوێرەی هەواڵێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردوستان لە ڕێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە گەیوە، بە دەیان کەس لە ماڵدۆڕاوانی دامەزراوەیەکی چنینی فەڕش لە شاری کرماشان لەبەر دەم دادسەرای ئەم شارەدا کۆ بوونەوە.

لەپاش کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی کۆمەڵانی خەڵک لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران بۆ دەنگ هەڵبڕین بەرامبەر بە نەدانەوەی ئەسپاردەکانی خەڵک لە لایەن دامەزراوە ئێعتیباریەکان، ئەم جارەیان کۆبوونەوە لەبەر دەم دادسەرای شاری کرماشان و لەبۆ دەنگ هەڵبڕین لە دژی” مەکتەبێ گلیم و گێبێ”ی ئەم شارە ساز درا کە تێیدا جەماوەری کۆەبوو وێڕای دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان و خستنە ڕووی داواکاریەکانیان، ڕاشیان گەیاند کە ئیتر کاسی سەبر و لەسەرەخۆییان سەرلێو بووە.

پێویستە بوترێت کە ئەم پەروەندەیە پتر لە ۱۱ هەزار سکاڵای لەسەرە و سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵا و داواکاریە یەک لەسەر یەکەکانی داواکاران و ماف خوراوان بۆ دادگای شاری کرماشان، هێشتا وەڵامێکی قەناعەت پێهێنەری پێ نەدراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە ڕادەی پارەی داگیرکراوی خەڵک بە ۲۷٤ ملیاڕد تمەن بەراورد ئەکرێ.

جێگەی سەرنجە کە دامەزراوە ئێعتباری و رێکخراوە بانکیەکانی وڵاتی ئێران لە ژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی بانکی ناوەندی ئێراندان و ئەم بانکە بەرپرسە بەرامبەر بە هەموو چەشنە بەرپرسیارەتی و ئێعتبارێک کە پێیانی بەخشیوە.

لە قسەکانی ئەم دواییەی(ئەحمەد حاتمی یەزد) یەکێک لە تاو و توێژ کەرانی پووڵی و بانکی دەوڵەتی ئێران لە وت و وێژی لەگەڵ تەلەیزوونی دەوڵەتی ئێران ڕاگەیەندرا کە بانکی ناوەندی ئێران هیچ چەشنە پابەندییەکی لە پێناو ئەسپەردە و سەرمایەی شارۆمەندان دا نیە و وەڵام دانەوە پێیان لە ئەستۆی ئەواندا نیە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردوستان