بیناکردنی دیوار لەناوبەری مەودای سنووری باکوور وڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وبە گوێرەی ڕۆژنامەی (حوڕییەت)ی تورکیا:حکوومەتی ئەنقەرە خەریکی داڕشتننی گەڵاڵەی بیناکردنی دیوارێک لەناوبەری مەودای سنووری باکوور وڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم دەسپێشخەرییە لەچوارچێوەی هێنانی گوشاری دەوڵەتی تورکیایە دژبە تەڤگەری ئازادیخوازی نەتەوەی کوردە لەباکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەکوتەی بەرپرسانی تورکیا ئەم دیوارە چیمەنتۆییە بەدرێژایی ۷۰ کیلۆمەتر لە مەودای سنووری ڕۆژهەڵاتی  لە پارێزگای ئاگری تا دەگاتە ئیگدیر لە باکووری کوردستان بینا دەکرێ، هەروەها ئاشماوەی سنووری ڕۆژهەڵاتی باکووری کوردستان بەحەساری ئاسنین، چرا و قەڵای چاودێری کردن دادەخرێ.

دەوڵەتی تورکیا کە ماوەی پێش بیناکردنی دیوارێکی ۹۰۰کیلۆمەتری لە سنووری باکووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کردبوو و فاز(قۆناغی) یەکەمی بە بەرزایی ۳مەتر لە مەودای ۵۵۶ کیلۆمەتر وجگەلەوە بەتێل دڕو دەوری داوە ولەڕێگەی قەڵای چاودێرکردنەوە کۆنتڕۆڵی دەکات ،مانگی ڕابردوو کۆتایی پێ هات.

جێگەی باسە کە بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بڕیارەی دەوڵەتی تورکیا ڕەزامەندی وپێخۆش بوونی خۆیان دەربڕیوە وکوتوویانە کەدەوڵەتی تورکیا پێشووتر ئەوانی ئاگادار کردۆتەوە.

بەگوێرەی جاڕنامەی نێودەوڵەتی ومافی مەدەنی وسیاسی مادەی چوارەم ،هەرکات مەترسییەکی گشتی ناوازە (لەناکاو) هەبوونی نەتەوەی خستە بن مەترسییەوە وئەم مەترسییە بەشێوەی فەرمی ڕابگەیەنرێ ، ووڵاتانی هەردوو لای ئەم گرێبەست وپەیمانانە دەتوانن تەدبیرگەلێکی بەدەر لەو پێش مەرجانەی دیاریان کردووە لە پەیماننامەکەدا  بە ڕادەیەک کەگونجاوی دۆخەکە بێت بێننە ئاراوە بەشێوازێک کە ئەم تەدبیرانە  دژواری نەبێت لەگەڵ ئەو خاڵانەی کە لە چوارچێوەی مافی نێودەوڵەتی لەئەستۆیان گرتووە، ونەبێت بەهۆکاری هەڵاواردێک کە لەسەر بنەڕەتی ڕەگەز، ڕەنگ، جنس، زمان بنەما وسەرچاوەی ئایینی یان کۆمەڵایەتی.

هەروەها لەسەر بنەمای مادەی ۲۷ ، لەو وڵاتانەی کە کەمینەی ڕەگەزی، ئایینی یان زمانی بوونیان هەیە، کەسانی سەربەو کەمینانە ناتوانی لەو مافە بێبەهرە بکەی کەبەگشتی لەگەڵ کەسانی دیکەی گرووپی خۆیان لە کەلتووری دیاریکراوی خۆیان بایەخمەند دەبن و لەسەر ئایینی خۆیان دەمێننەوە و پێڕەوی دەکەن یان بەزمانی خۆیان دێنە ئاخاوتن.

هەربەم پێیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای مەحکووم کردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ئێران وتورکیا لە پێناو گەلی کورد ئەم هەنگاوەیان بەهاوشێوەی بێبەریکردنی گەلی کورد لە مافی زاتی خۆیان هەژمار دەکەن وپێویستە کەئاگادار بن کەمافی زاتی وجەوهەری نەتەوەیەک بە بیناکردنی دیوار ناسڕدرێتەوە وسەرەڕای لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندییە مروییەکان ودامەزراندنی ئاشتی وئاسایش بۆهەموو خەڵکی جیهان ،تائەوکاتەی دابەش کردنی دادوەرانەی سامان بوونی نەبێت، کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر نابن. هەربۆیە داوا لەهەموو ئازادیخوازان وچالاکانی مەدەنی وهەروەها ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن لەبەرانبەر ئەم کردەوە سەرەڕۆیانە ودوورله مافەکانی مرۆڤی دەوڵەتانی تورکیا وکۆماری ئیسلامی ئێران .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان