هاوڵاتیانی بۆکان لەبەرامبەر بینای شارەوانی وشۆرای شار گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست

هاوڵاتیانی بۆکان لەبەرامبەر بینای شارەوانی وشۆرای شار گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو ۱۰ی خاکەلێوە، خەڵکی بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرامبەر بە دۆخی شەقامی سەرەکی و نەبوونی خزمەتگوزاری و پڕۆژە تەواو نەکراوەکان و بەگشتی کردەوەکانی شارەوانی و شۆڕای شار لەهەمبەر تێکدانی بەشێک لە پارکی میللەت و پردی شەقامی وەحدەت و کولتەپەی ئەم شارە لەبەردەم بینای شارەوانی گردبوونەوە و خوازیاری وڵامدانەوەی بەرپرسان بوون.

بەگوێرەی هەواڵەکە ،گەنجانی ناڕازی درووشمی دەست لەکارکێشانەوەی شارەوان وشۆرای شاریان بەرز کردبۆوە و خوازیاری وڵامدانەوەی ئەندامانی شۆرای شار و شارەوانی بە داواکارییەکانیان بوون.

هەربۆیە “سەعدی ڕادمەنش” سەرۆک شارەوانی بۆکان بۆئەوەی لەگەڵ ناڕازیان قسەبکات لەو شوێنە ئامادە بوو کە چەند جار لەلایەن ناڕازیانەوەقسە کانی پێ بڕدرا وناوبراو لەگەڵ چەند کەسێک لە ئەندامانی شارەوانی بۆناوەوەی بینای شارەوانی پاڵیان پێوەنرا و بەشێک لە ناڕازییە کان بەهۆی تووڕەییەوە لەبەرامبەر قسەکانی سەرۆکی شارەوانی، شوشەی بینای شارەوانییان شکاند.
پاش ئەوە ناڕازیان بەرەو بینای شۆرای شار وەڕێکەوتن و بەدروشمی”شۆرای بێ نرخ دەست لەکار بکێشەوە” بینای شۆڕای شاریان هێلکەباران کرد.

ناڕازییان مانگێک پێش ئێستاش لەهەمبەر ئەو دۆخە ناڕەزایەتییان پێشاندابوو و لەلایەن سەرۆکی شارەوانییەوە بەڵێنی چاکسازی و بەجێهێنانی داواکاری خۆپێشاندەرانیان پێدرابوو.

شایانی باسە کە لەماوەی چەندساڵی ڕابردوودا شۆڕای شاری بۆکان بەجێی خزمەتگوزاری هەر خەریکی ململانێی یەکترین و “سەعدی ڕادمەنێش” کە ۳مانگە دەستبەکار بووە چەندەم شارەداری بۆکانە و ئەوە لەکاتێکدایە کە کەمتر لە ۲مانگی دیکە سەر لە نوێ شۆڕای شار هەڵدەبژێردرێتەوە.

جێگەی وە بیرهێنانەوەیە ،دامودەزگا بەناو ڕێکخراوەیی وجڤاکییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو لە کۆنتڕۆڵی حکوومەت و دەست وپێوەندییەکانیدایە ولە جیاتی چێ کردنی کاری بنەمایی وهەرەوەزی تەنیا و تەنیا پرۆگرام وپلانەکانی حکوومەت بەڕێوە دەبەن وبەجێی خزمەتگوزاری سەرقاڵی تاڵان وبڕۆ وچەوساندنەوەن.

“کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان”