بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: دوێنێ شەو ۲۲ی ڕەشەمە کۆڕێکی تەمەن ۱۸ساڵ بەناوی “ئاراس ئیلبەیگی” لەشاری مەریوان پەتی بۆخۆی هەڵواسیووە وبەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە ئەم کوڕە گەنجە هەرکە منداڵ بووە، دایکی تەڵاق دراوە وبۆماوەی دوو ساڵە باوەژنی هەیە وباوەژنەکەی لەماڵ دەری کردووە و ناوبراو ئەم دوو ساڵە لە ژوورێکی ماڵی دایە گەورەی(دایکی بابی)ژیانی کردووە وهەربۆیە توشی خەمۆکی بووە ولەڕێی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی هەواڵەکە تەرمی ناوبراو گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان وپاش پشکنینی پزیشکی نێژراوە.
جێگەی باسە سیستەمی دەسەڵاتی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی ،ژنان سەرەڕای هەموو ئەرک وخۆشەویستی وسۆزداریان بۆمناڵەکانیان، هیچ چەشنە دەسەڵات وهێزێکی یاسایی وکۆمەڵگاییان نییە بۆئەوەی بتوانن بەرگری لەخۆیان وچارەنووسی مناڵەکانیان بکەن وپیاویش هەرکات ویستی تەڵاقی دەدات ومناڵیش بەو هۆیەوە چارەڕەش ولارەمل دەمێنێتەوە.
هەربۆیە یان خۆی دەکوژێ، یان توشی مادە هۆشبەرەکان دەبێت، یان ئەوەی حکوومەت بۆ قازانجی خۆی بەمەبەستی سیخۆری وکارە قیزونەکانی خۆی دەکاریان دەگرێ وبەم هۆیەوە کۆمەڵگایەکی بێ بنەماو داڕزیوو لێک ترازاو بەدی دێنێ وحکوومەت دەتوانێ بەهەر شێوەیەک مەبەستە سیاسی وتاڵانکارییەکانی خۆی لە کوردستان بەدی بێنێ ولەبەرانبەر هیچ چەشنە دیاردەیەکی ڕووخێنەری کۆمەڵایەتی هەست بەبەرپرسیاریەتی ونرخاندن ناکات وشرۆڤە وخوێندنەوەیەکی ئاکادمیانە لەهەمبەر چاک سازی خەسارە ماڵوێرانکەرەکان خۆی بەبەرپرسیار نازانێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان