ئەنجوومەنى ئەوروپا: تورکیا بەرەو دەسەڵاتی تاکەکەسی دەروات

ئەنجوومەنى ئەوروپا: تورکیا بەرەو دەسەڵاتی تاکەکەسی دەروات
بەپێی گوزارشی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆمسیۆنى چاودێریى دەستوور لە ئەنجوومەنى ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەک لەسەر تورکیا بەو شێوە بڕیار دەگرێت:
تورکیا بەرەو دەسەڵاتى تاکە کەسى دەڕوات و بە گۆڕانکارییەکانى دەستووریش چاودێریکردن بەسەر دەسەڵاتەوە نامێنێت و دەزگاى داد سەربەخۆیى خۆى لە دەست دەدات. لەبەر ئەوەش داوایکردووە ڕاپرسى بۆ هەموارى دەستوور دوابخرێت.

بەپێی هەواڵێک لە ناوەندی هەواڵی NRTیەوە ، ڕۆژى ١ى ئازاری ٢٠١٧ کۆمسیۆنى چاودێریى دەستوور لە ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپا، کە چاودێریى دەستوورى ٥٧ وڵات دەکات ڕاپۆرتێکى لەبارەى گۆڕانکارییەکانى دەستوور لە تورکیا بڵاوکردەوە .

ئاماژە بەوە کراوە ، تورکیا لە دیموکراسى دوور دەکەوێتەوە و بەرەو سیستمى تاکە کەسى (ئۆتۆکراسى) دەڕوات و لە ئێستاشدا تورکیا لە دۆخێکدایە کە هێزى ئەوەى نییە ڕێ لە دەسەڵاتخوازى و دەسەڵاتى تاکە کەسى بگرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو دەستوورەى کە حکومەتى تورکیا دەیەوێت هەموارى بکاتەوە دەبێت چاودێری و بڕیارەکانى پەرلەمان و سەربەخۆیى دادگا و سەرۆکایەتیى کۆمار لەبەر چاو بگرێت، چونکە بەپێى پلانەکەى تورکیا بۆ سیستمى سەرۆکایەتى سیستمى چاودێریکردن بەسەر دەسەڵاتەوە نەماوە.

باسى ئەوەشکراوە، بەپێى ئەو پلانە کە تورکیا بۆ سیستمى سەرۆکایەتیى داناوە، سەربەخۆیى دادگا و سیستمى چاودێریکردنى تێدا نییە و سەرۆک کۆمار بەپێى بڕیارەکانى بارى نائاسایى هێز و ئەرکەکانى خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆى. بەو گۆڕانکارییەش بە تەواوەتى سەربەخۆیى دادگا و لێکۆڵینەوەکان نامێنن.

لە بەشێکى ترى ڕاپۆرتەکەى کۆمسیۆنى چاودێریى دەستوور لە ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپادا ئەوەش هاتووە، لە دواى کودەتاکەى ١٥ى تەمووزەوە و بەپێى یاساى بارى نائاسایى ئازادیى سیاسى زۆر بەرتەسکراوەتەوە و ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە بەردەم بە دیموکراسى بووندا.
ئەو کۆمسیۆنە داوایکردووە، ڕیفراندۆم بۆ هەموارى دەستوور لە تورکیا دوابخرێت و کۆتایش بە سنووردارکردنى کارى سیاسى و ڕیگرییەکان بهێنرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژى ١٦ى نیسانى ٢٠١٧ ڕاپرسى و ڕیفراندۆم بۆ هەموارى ١٨ ماددەى دەستوورى تورکیا بەڕێوە بچێت، کە ئەو هەموارە لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە لە پەرلەمانى تورکیادا ئامادە کراوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا هەموارەکەى پەسەند کردووە و حکومەتیش بۆ پەسەندکردنى ئەو هەموارە لەلایەن خەڵکەوە ڕۆژى ١٦ى نیسان دەیخاتە ڕاپرسییەوە.

گۆڕانکارییەکانى دەستوورى تورکیا دەبێتە هۆى ئەوەى کە سیستمى سیاسى لە تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى بگۆڕێت و پۆستى سەرۆکى حکومەت هەڵدەوەێشتەوە و دەسەڵاتەکانى دەدرێت بە سەرۆک کۆمار و هەروەها سەرۆک کۆمار دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و حکومەت و ڕاگەیاندنى شەڕ و لەسەر کارلابردنى بەرپرسان و دادوەرانی دەبێت.

ئەوەش کاردانەوەى جۆراجۆرى لە تورکیا لێکەوتووەتەوە و هەر یەکە لە هەدەپە و دەبەپە و کەجەدە و تەژەئا پێکەوە هەڵمەتى نا لە دژى ئەو گۆڕانکارییە لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە دەبن. ئەو هەڵمەتەش لە لایەن زیاتر لە ٤٠٠ ڕێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى و ژمارەیەک لە حزبەکانى باکوورى کوردستان و تورکیا و هەروەها سەندیکا گەورەکانى کرێکاران و ئەندازیان و بازرگانان و پیشەوەرانەوە پێشتیوانیى لێدەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان