ک.م.م.ک:
ناوەندی هەواڵگریkmmk، بڵاویکردەوە کە هاوکات لەگەڵ پەرەگرتنی خۆپیشاندانە گشتگیرەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، دەیان هاوڵاتی کورد لە پارێزگاکانی هەمەدان، لوڕستان، ئیلام و خووزستان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر و ڕفێنراون و لە حاڵەتی جیاوازدا چارەنووسیان هێشتا نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، هەمزە ئیمانی لە ئەسەداوای هەمەدان و فەرهاد خوداڕەحمی لە نەهاوەند، ئێوارەی ١٠ی بەفرانبار لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان دەسبەسەر کران. هەروەها شاپوور ئەلبورزی، منداڵی ١٦ساڵ تەمەنی خەڵکی ئیزە، ڕۆژی ٩ی بەفرانبار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێنرا و تا ئێستە زانیارییەک لە دۆخی ناوبراو بەردەست نییە.
لە کوێیەشت، دادستێنی ئەو شارە هەواڵی دەسبەسەری ٢٠کەسی ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناونیشان یان دۆخیان بدات.
هەروەها بەرپرسانی ئەو پارێزگایە هەواڵی کوژرانی هێزێکی بەسیجی و برینداربوونی ١٣کەسی دیکەیان بڵاوکردۆتەوە.
زانیارییەکان باسی دەسبەسەری بیژەن کەریمیان(٢١ساڵ تەمەن) لە دەرەشار، ڕازیە خاهیش لە یاسووج، پژمان پیگاە لە باخمەلیک و ئارمان سلێمانی لە ئیزە دەکەن.
لە دێلوڕانی پارێزگای ئیلام لانیکەم ١١ هاوڵاتی کورد پاش خۆپیشاندانی مەدەنیانە ، لە هێرش بۆسەر ماڵەکانیان دەسبەسەر و بۆ ئیلام ڕاگوازراون. بە تێپەڕوونی پتر لە ٢٤کاتژمێر، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان بەردەست نییە.
خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی لە ٧ی بەفرانبارەوە لە دژکردەوە بەرانبەر بە قەیرانی ئابووری هەڵگیرسا و بۆ پتر لە دە شار پەرەی ستاند. ناوەندی هەواڵگریkmmk، جەخت دەکاتەوە کە بێبەری دەسبەسەرکراوان لە دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی لە گەڵ بنەماڵە و دیکەی مافە بنەڕەتییەکانیان، پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە.
ق.ش


